سنە؛ ئاگرتێبەردانی غەزاڵە حدوودی دوابەدوای ڕەتکردنەوەی پێشنیاری هاوسەرگیری
١٤ی بەفرانباری ۱۴۰۳؛ ژنێکی لاو بە ناوی "غەزاڵە حدوودی" خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی قوروە و دانیشتووی شاری سنە، دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داواکاریی کوڕێک بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ناوبراو، لە دووکانی خەیاتییەکەی خۆیدا ئاگری تێ بەردرا و پاش دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ غەزاڵە حدوودی شەوی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣، لەلایەن داواکارەکەیەوە لە دووکانەکەی خۆیدا کە لە سنەیە بە بەنزین ئاگری تێ بەردراوە و پاش دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە. ڕەتکردنەوەی داواکاریی هاوسەرگیری لەلایەن غەزاڵە و داواکاری و پێداگریی بەردەوامی خوازبێنەکەی، هۆکاری ئاگرتێبەردانی ناوبراو لەلایەن داواکارەکەیەوە بووە.
پێداگریی بەردەوامی داواکار و بێدەنگیی غەزاڵە بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە دەرگیری و ڕووداوێکی ناخۆش و نەبوونی هیچ پاڵپشتییەک لە کۆتاییدا کوشتنی غەزاڵەی لێ کەوتەوە؛
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ؛ داواکارەکەی غەزاڵە کەسێک بە ناوی "سیروان ساعدپەنا" و جیرانی دووکانەکەی خۆی بووە کە تەنگی بە غەزاڵە هەڵچنیوە و داوای هاوسەرگیریی لێ کردووە و سەرەڕای ڕەتکرانەوەی داواکارییەکەی لەسەر کارەکەی خۆی سوور بووە. ئاخرین جار "سیروان ساعدپەنا" لە شەوی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣دا نزیکەی کاتژمێر ٧ و لە کاتێکدا کە زۆرەی دووکانەکان داخراون، بە قوتوویەک بەنزین دەچێتە نێو دووکانەکەی غەزاڵە و غەزاڵە و دووکانەی ئاگر دەدا. غەزاڵە پاش ئاگرتێبەردران دەچێتە نێو شەقامەکە و هەڵدێت و لەو کاتەدا شاگردێکی نانەواییەکەی جیرانیان پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە دەکات و باوک و براکەی دەیبەنە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە. غەزاڵە لە ڕێگای نەخۆشخانەدا چۆنیەتیی ڕووداوەکە بۆ باوکی باس دەکات و دەڵێ کە کێ ئاگری تێ بەرداوە.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ "سیروان ساعدپەنا" بۆ ئەوەی کە کەسێک شکی پێ نەکات، تەنانەت دوانیوەڕۆی ڕۆژی ڕووداوەکە، لەو کاتەدا کە باوکی غەزاڵە سەردانی کچەکەی دەکات، لەگەڵی چاک و چۆنی دەکات و خۆی زۆر ئاسایی نیشان دەدات.
هەروەها "ساعدپەنا" پێشتر لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ خۆشکەکەی غەزاڵە پێی دەڵێ لە ڕێگەی سپاوە شیری وشکی بۆ منداڵەکەی دابین کردووە. بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، باوکی "سیروان ساعدپەنا" لە ئەندامانی سپای پاسداران بووە کە مردووە و "سیروان"یش ئەندامی سپایە. "سیروان" پێشتریش لە ڕووداوگەلێکدا کە تووشی بنەماڵەی حدوودی بووە خۆی لێ نزیک کردوونەتەوە و هەوڵی داوە لەم ڕێگەوە غەزاڵە ڕازی بە هاوسەرگیری بکات.
پێداگریی سیروان بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی غەزاڵە تا ئەو جێگایە درێژەی بووە کە تەنانەت براکەی غەزاڵە دەخاتە ژێر گوشارەوە، بەڵام براکەی دەڵێ نامانەوێ لە نزیک دووکانەکەی غەزاڵە بتبینین و غەزاڵە بۆ ئەوەی کە پێش بە هەر چەشنە دەرگیری و ئاڵۆزییەکی ئەم کەسە لەگەڵ بنەماڵەکەی بگرێت، هەوڵ دەدات بە ڕاگرتنی بێدەگی بابەتەکە کۆتایی پێ بێنێت.
"سیروان ساعدپەنا" پاش ئاگرتێبەردانی غەزاڵە و دووکانەکەی هەڵهاتووە. خودی سیروان لە کاتی ئاگرتێبەردانی غەزاڵەدا تووشی سووتانی ١٥ لەسەدی بووە؛ هەروەها هەوڵی داوە لە خۆی بدات و پاش سەردان کردن بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر دەسبەسەر کراوە. ناوبراو ئێستا لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنەدا خەوێندراوە.
سکاڵای بنەماڵەی حدوودی لە "سیروان ساعدپەنا"؛
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ؛ باوکی غەزاڵە پاش بیستنی ڕووداوەکە لە زمانی کچەکەیەوە، سکاڵای تۆمار کردووە و پۆلیس ڕووداوەکەی تۆمار کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی دەسبەسەرکرانی سیروان لە نەخۆشخانەی کەوسەدا.
غەزاڵە حدوودی قوربانیی منداڵ هاوسەری و بێبەریبوون و خەسارەکانی کۆمەڵگە؛
غەزاڵە حدوودی لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٦، کچی یووسف و توورانە کە کچێکی تەمەن ١١ ساڵان بە ناوی "نیان"ی هەیە.
بنەماڵەکەیان خەڵکی گوندی "زاخان" سەر بە شاری قوروەن. ئەم گوندە یەکێک لە گوندە دوورەدەست و پەراوێزخراوەکانی کوردستانە و بنەماڵەی حدوودی بۆ ڕزگاربوون لەم بێبەریبوون و پەراوێزخرانە هەوڵیان دابوو هاوسەرگیریی منداڵەکانیان لە شاردا ئەنجام بدرێ.
غەزاڵە دوو ساڵ پێش ئێستا لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە و کچەکەی "نیان" لەلای خۆی ماوەتەوە، هاوسەری پێشووی غەزاڵە خووگر بە ماددەی هۆشبەری شیشە بووە و هەروەها بە تۆمەتی "دزیکردن" دەسبەسەر کراوە و نزیکەی دوو حەفتەیە کە لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
غەزاڵە لە تەمەنی ١٥ ساڵاندا لەگەڵ ئەم کەسە کە جیاوازی تەمەنیشیان زۆر بووە هاوسەرگیری کردووە. بە وتەی سەرچاوەکەی کوردپا ئەم کەسە لە ماوەی ژیانی هاوبەشیدا لەگەڵ غەزاڵە، ٩٠ لەسەدی کاتەتان بە هۆی بەکارهێنانی "شیشە" و تاوانی "دزیکردن" لە بەندیخانە بووە و تەنانەت ئاخرین جار لە ماڵی خودی غەزاڵە دزی کردووە.
غەزاڵە پاش جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی، دووکانێکی خەیاتیی کردووەتەوە و بە وتەی سەرچاوەی کوردپا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کارەکەی باشتر بووە.
"نیان" کچی غەزاڵە، ئێستا لەگەڵ بنەماڵەی باوکی دەژیت.
وێنە و ڤیدیۆیەکی زۆر لە مەزاری غەزاڵە حدوودی، کچەکەی پاش ژنکوژیی دایکی، وێنەی "سیروان ساعدپەنا"، دووکانەکەی پاش ئاگرتێبەردران و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی بە دەستی کوردپا گەیشتووە کە لە ڤیدیۆیەکدا بڵاو دەکرێنەوە.