بە دەسبەسەرکرانی وەهاب خەدیریپوور ژمارەی دەسبەسەرکراوانی مەهاباد لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا گەیشتە ٧ کەس

23:47 - 11 رێبەندان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، وەهاب خەدیریپوور هاووڵاتیی تەمەن ٣١ ساڵی خەڵکی مەهاباد دوابەدوای بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە بە بێ بەڵگەی بانگکران، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ وەهاب خەدیریپوور پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەهاباد دەسبەسەر کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخی کوڕەکەیان، پێی ڕاگەیاندوون کە بەدواداچوون بۆ کوڕەکەیان نەکەن و جارێ لە دەسبەسەریدا دەبێ.

پێشتر ڕۆژی یەکشەممە ٧ی رێبەندانی ١٤٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی وەهاب خەدیریپوور هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی بەڵام بە هۆی قەرەباڵغبوونی ماڵەکەی وتبوویان سبەی (دووشەممە ٨ی ڕێبەندان) لە دادگای شاری مەهاباددا ئامادە بێت.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

وەهاب خەدیریپوور، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. ناوبراو ئامۆزای شەماڵ خەدیریپوور لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادییە. هەروەها کۆماری ئیسلامی برایەکی ناوبراو بە ناوی سۆهراب خەدیریپوور لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە بەهاری ١٤٠٠ دا کوشتووە.

بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتە، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی مەهاباد لە ماوەی ٧ ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٧ کەس. تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ناسر ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی مەهاباد پاش هێرش بۆ سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو دانیشتووی گەڕەکی "کانی سۆفی ڕەشید"ی مەهابادە، خێزاندارە و منداڵی هەیە.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، زاگرۆس ڕەسووڵی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەهاباد بە بێ بەڵگەی یاسایی و دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. مۆبایلی ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، محەممەد ڕەمەزانی، شاخەوان و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەهەباد دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

شەوی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، مەنسوور مەولوودپووری، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی مەنسوور مەولوودپوور هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و ماڵەکەیان پشکنیوە.

هەروەها ڕۆژی ٩ی رێبەندانی ١٤٠٣، کوردپا رایگەیاند کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "جەلال پەرهیزکار" و "سەروەر حەمە نازدار" خەڵکی گوندی "حاجی ئاڵیکەند" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.