جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراو لە بەندیخانەی ئیلام
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراو بە ناوەکانی "حەسەن حەسەن بەیگی" خەڵکی سەراو کارزان، "فەریدە جەعفەرزادە" خەڵکی ئیلام، "عالیە کاوەریزادە" خەڵكی دێلوڕان و "عەبدولوەهاب باباخانیان" خەڵکی شاری بەدرە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەبدولوەهاب باباخانیان خەزەڵوەری ١٤٠٠، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی خوشک و زاواکەی دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هەروەها عالیە کاوەریزادە دوو ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی هاوسەرەکەی دەسبەسەر کرابوو و بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: حەسەن حەسەن بەیگی و فەریدە جەعفەرزادەش پێشتر لە دۆسییەی جیاوازدا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم چوار بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.