سزای لەسێدارەدرانی لوقمان شەنگە لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا

18:43 - 3 بەفرانبار 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "لوقمان شەنگە" خەڵکی نەغەدە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە تەمەن ٤٥ ساڵە ڕۆژی شەممە یەکی بەفرانبار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان، لە بەندیخانەی نەغەدەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم بەندکراوە بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا دراوە و لە ساڵی ١٣٩٦ەوە لە بەندیخانەی نەغەدە بووە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.