یووسف حاجی خۆش، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا

16:57 - 28 سەرماوەز 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣، یووسف حاجی خۆش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ لە بەندیخانەی ئەم شارەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کوردە لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، ڕەوانەی بەندیخانی شنۆ کرابوو.

ناوبراو پیشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەنساری" بە تۆمەتی "هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و چوار مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣، یووسف حاجی خۆش بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کوردیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.

ئەم ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرابوو.