بەندیخانەی ورمێ؛ سووسەن حەسەنزادە، وانەبێژی زمانی کوردی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە

15:46 - 28 سەرماوەز 2724

سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان کە لە بەندی  ژنانی بەندیخانەی ورمێ ماوەی سزاکەی تێپەڕ دەکات، بە بڕیاری ئیتلاعات و بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە چەند جار هەوڵیان داوە لە بەندیخانەی ورمێ چاویان پێ کەوێ بەڵام بەرپرسانی ئەم بەندیخانەیە و ئیتلاعات ڕێگرییان لێ کردوون و وڵامی داواکارییەکەی بنەماڵەی حەسەنزادەیان نەداوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: پاش ڕاگواستنی سووسەن بۆ بەندیخانەی ورمێ، ناوبراو پێوەندییەکی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و سەبارەت بە دۆخی لە بەندیخانەدا زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣، سووسەن حەسەنزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە بە بیانووی سکاڵا بانگی کەڵانتەری ١١ی بۆکان کراوە و پاش چوون بۆ ئەم ناوەندە بۆ لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە ڕاگوێزراوە و بە بڕیاری دادوەری جێبەجێکاری سزاکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزراوە.

سووسون حەسەنزادە بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە و ئەم بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣، بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ئەم وانەبێژی زمانی کوردییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرابوو.

سووسەن حەسەنزادە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشینەی ١٧ ساڵ وانەوتنەوەی زمانی کوردیی لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریدا هەیە و لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.