بۆکان؛ دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

13:45 - 12 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣، عەبدوڵڵا قولیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی هێمن قولیزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەبدوڵڵا قولیزادە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، خۆی و کوڕەکەیان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.