کرماشان؛ بەهمەن نادری بە بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی سزا درا
بەهمەن نادری، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ١٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراوە.
ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز بە شێوەی فەرمی بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بەهمەن نادری، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی دێزڵاوای ئەم شارە ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣دا لە بەرەبەری دووەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
بەهمەن نادری پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای کرماشان ڕاگوێزرا.
بەهمەن نادری پاش یەک مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای کرماشان، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵاوا کرابوو. لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەم هاووڵاتییە بە بڕیاری دادوەری بلۆک کراوە.
ناوبراو لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگی لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان کرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش بانگکران بۆ لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کرماشان بە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ڕوونکردنەوەی پێ درا و پاش چەند کاتژمێر دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەهمەن نادری لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراوە و ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بە بوونی خۆی لە دادگای ئینقلانی کرماشان پێی ڕاگەیەندراوە.
کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان بۆ تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەڕیوەبردنی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە چووبوو.
بەهمەن نادری لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢ لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەفتە دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەهمەن نادری خێزاندار و لەدایکبووی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٦٩یە.