سنە؛ ئیدریس مینبەری بە دوو ساڵ بەندکران سزا درا
ئیدریس مینبەری، ئەندامی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی نۆژین، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە دوو ساڵ بەندکران سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدریس مینبەری بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" بە یەک ساڵ سزای بەندکرانی داسەپاو و یەک ساڵ سزای بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی سێ ساڵ سزا دراوە و ئەم سزایە ڕۆژی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی ئەم ئەندامەی نۆژین لە دادگای پێداچوونەوەدا هەڵوەشایەوە و دۆسییەکەی جارێکی دیکە ڕادەستی دادگای ئینقلابی سنە کرابوو.
ئیدریس مینبەری پێشتر بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە ڕێگەی دوکتور جوامێر عەبدوڵڵاهی و هێمن مەجیدییەوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ڕەزبەری ١٤٠٢ش، ئەم ئەندامەی نۆژین بە بێ بەشداریی خۆی لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی سنەوە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو، دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان و لێدانی ٤٠ قامچیی داسەپاوی دەرەجە ٦ سزا درا.
ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئیدریس مینبەری بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ئازاد کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە کوردەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرد و پاش پشکنینی ماڵەکە، لەپتاب و کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان برد.
ئەم چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.