ورمێ؛ مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە لەسێدارەدران سزا درا
مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدایە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە لەسێدارەدران سزا دراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم لاوە کوردە لە دۆسییەیەکدا تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەکی دراوە پاڵ کە لە کۆتاییدا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە"، بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدرانی بۆ دەرچووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سزایە کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠٣، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە بە هۆی هەڕەشەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بێدەنگیان ڕاگرتووە.
مێحراب عەبدوڵڵازادە ڕەزبەری ١٤٠١، لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارەکی "وەلیعەسر"ی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.
مێحراب عەبدوڵڵازادە، تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی محەممەدئەمین، خەڵكی گوندی "خوشالان" سەر بە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمییە کە سەرقاڵی کاری ئارایشگەری بووە.