بۆکان؛ ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور و هێمن ئیبراهیم حەمزە بە بەندکران سزا دران
ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور برای محەممەد حاجی ڕەسوڵپوور لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان و هێمن ئیبراهیم حەمزە خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە هەرکام بە سێ مانگ بەندکران سزا دران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم دوو هاووڵاتییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بەم دوو کەسە ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ئەم دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردن.
ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لە ئاکامی ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و چوونە کۆماوە لە نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکان گیانی لەدەست دا.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور و هێمن ئیبراهیم حەمزە