سنە؛ گرووپێک لە ژنان بە ئامادەبوون لەسەر مەزاری ژنانی کوژراو، توندوتیژیی سیستماتیکیان مەحکووم کرد و جەختیان لەسەر درێژەپێدانی خەبات کردەوە
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، گرووپێک لە ژنانی سنە بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، بە ئامادەبوون لە سەر مەزاری ژمارەیەک لەو ژنانەی کە بە دەستی حکوومەت و پێکهاتەی پیاوسالار کوژراون، وێڕای مەحکوومکردنی توندوتیژیی حکوومەتی و سیستماتیک دژی ژنان، پێداگرییان لەسەر درێژەدان بە خەبات و خۆڕاگریی ژنانی کورد لە هەر دۆخێکدا کردەوە.
ئەم گرووپە لە ژنان لە بەشێک لە بەیاننامەکەی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە توندتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی ئاڵۆز و تێکئاڵاو لەگەڵ تانوپۆی نیزامی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییە و ژنان پەراوێزخراو و کەمینەیەکن کە لەژێر هەڵاواردن و ستەمی چەند قاتدان. ئەوان وێڕای ئاماژە بە یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی دژی هەموو ژنانی ئێران، سەبارەت بە قووڵایی توندوتیژیی حکوومەتی لە پێوەندی لەگەڵ ژنانی کورد و تێکئاڵاوبوونی ئەمە لەگەڵ هەڵاواردنی نەتەوەی و فەرهەنگی قسەیان کرد.
ئەم ژنانە لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا پێداگرییان لەسەر خەبات و بەرخودانی ژنانی کورد لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بەندیخانەکاندا کردەوە و دەڵێن لە میانەی سەرکوتی سیستماتیک و توندوتیژیی هەمەلایەنەدا، ژنانی کورد توانیویانە چەمکەکانی هۆکاربوون و خۆڕاگری پێناسە بکەن.
ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە بە پشتبەستن بە ئاگایی بەکۆمەڵ، تۆڕەکانی هاوپێوەندی پێک دێن و لە بەرانبەر توندوتیژیدا ڕادەوەستن و درێژە بە ڕێکخستن و خەبات بۆ خولقاندنی ژیان و ئازادی دەدەن.
ئەم ژنانە لەسەر مەزاری خوشکانی کەعبی کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم حکوومەتەوە لە سێدراە دران و ژمارەیەک لە ژنان کە بەدەستی سیستەمی پیاوسالار کوژران، ڕاوەستان.
دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە لە بەشی فارسیی کوردپادا بڵاو کراوەتەوە.