بەندیخانەی قوروە؛ ئازاد عەباسی، بەندکراوی سیاسی بە "کەرەستەی تیژ" و "ئاوەکوڵ" لە بەندیخانە هێرشی کرایە سەر
٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣؛ ئازاد عەباسی، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندخانەی قوروە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، لەلایەن هەندێک لە بەندکراوانی ئاساییەوە لە بەندی گشتیی ئەم بەندیخانەیە بە "کەرەستەی تیژ" و "ئاوەکوڵ" کراوەتە ئامانج و بریندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم بەندکراوە سیاسییە بە پیلانی داڕێژراو لەلایەن وەکیل بەندی بەندیخانەی قوروە لەلایەن چەندین بەندکراوەوە لە دوو قۆناغی جیاوازدا کراوەتە ئامانجی توندوتیژی. ئازاد عەباسی سەرەتا لەلایەن وەکیل بەند و چەند بەندکراوەوە کراوەتە ئامانجی توندوتیژی و سەرەڕای ئەوەی کە داوای لە بەرپرسانی بەندیخانە بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخەکە و بینینەوەی ڤیدیۆی تۆمارکراوی کامێراکان هەیە، بەڵام بە بێ هیچ جۆرە پێڕاگەیشتنێک، بۆ جارێکی دیکە بە "کەرەستەی تیژ" و "ئاوەکوڵ" کراوەتە ئامانجی توندوتیژی و تووشی سووتان بووە.
بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ تاکوو ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ دۆخی ئەم بەندکراوە سیاسییە نەکردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ، ناوبراو نە تەنیا ڕەوانەی نەخۆشخانە و ناوەندی دەرمانی نەکراوە، بەڵکوو لە پێوەندی لەگەڵ ئەم هێرشەشدا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕووداوەکە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە تۆمار نەکراوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کراوە و لە بەندی گشتی بەندیخانەی قوروە ڕاگیراوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێ ساڵ بەندکرانی ئازاد عەباسی، بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین" و وانەبێژی زمانی کوردی لە دادگای پێداچوونەوەدا بە یەک ساڵ بەندکران گۆڕدرا.
دادگای پێداچوونەوە ئەم وانەبێژەی بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەر" بە هەشت مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە چوار مانگ بەندکران سزا داوە و ئەم سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندیخانەی قوروە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ئازاد عەباسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرا.
سروە ڕەحمانی، هاوسەری ئازاد عەباسی لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا بە بڵاوکردنەوەی پەڕەیەک لە حوکمی هاوسەرەکەی کە ڕێکەوتەکەی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢یە و لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولانەوە دەرکراوە، نووسی؛ ئازاد بە بێ بەشداریی خۆی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "بیڕێزی بە ڕێبەر" بە دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و سزا دراوە. پاش ناڕەزایەتیدەربڕین لە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بێتاوان ناسراوە بەڵام سزاکانی دیکە وەک خۆیان پشتڕاست کراونەتەوە.
ئازاد عەباسی تاکوو ئێستا چەندین جار دەسبەسەر کراوە و سزای بەسەردا سەپێندراوە.
٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢؛ ئازاد عەباسی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە هۆی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی یەکەمین ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا. لە کۆتاییدا ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.
١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢؛ ئەم چالاکە مەدەنییە لە بەرەبەری یەکەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە هۆی واژۆنەکردنی داواکاریی لێخۆشبوون و پاشەکشێ لە هەڵوێستەکانی پاش بانگکران بۆ دادگای دێولان دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرا. ناوبراو لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣دا ئازادکرانی خۆی لە بەندیخانەی قوروەی ڕاگەیاند.
٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١؛ ئازاد عەباسی لەگەڵ سیرووس عەباسی و سروە ڕەحمانپوور، بە هۆی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا. ئازاد عەباسی ماوەی یەک مانگ لە ژووری تاکەکەسی و بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیرا.
٦ی سەرماوەزی ١٤٠١؛ ئازاد و سیرووس عەباسی لە چالاکانی مەدەنیی دێولان لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە هەرکامیان بە ٦ ساڵ و چوار مانگ بەندکران سزا دران. بەپێی سزای دەرکراوی دادگای سەرەتایی، سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی هەرکامیان بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ بەندکران، "تێكدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ بەندکران، "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٤٨ مانگ بەندکران سزا دران. ئەم دوو چالاکە مەدەنییە سەڕەرای داواکاریی فەرمی بۆ دیاریکردنی پارێزەر، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کران و لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس دادگایی کران.
٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨؛ ئازاد عەباسی لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی برا و براژنەکەی دوای دەسبەسەرکرانیان لە ئیتلاعاتی دێولان، لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەرەوڕوو بووەوە و دواتر دەسبەسەر کرا. ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرا. لە کۆتاییدا بێتاوان ناسرا و سیرووس عەباسی و فەریدە وەیسی بە دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا دران.