بۆکان؛ سروە و پەیمان شیری بە بەندکران سزا دران
دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سروە شیری" تەمەن ٢٢ ساڵ و "پەیمان شیری" تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی گوندی "تەرەغە" سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە سەرجەم بە ١٤ مانگ بەندکران سزا دران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم خوشک و برایەی بە "چالاکی تەبلیغی دژی نیزام بە قازانجی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بەپێی سزای دەرکراو، سروە شیری بە ٨ مانگ بەندکران و پەیمان شیری بە ٦ مانگ بەندکران سزا دراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزران.
ئەم خوشک و برایە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.