بۆکان؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مەسعوود محەممەدی
سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی مەسعوود محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ناڕوونیی چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە، زۆربوونی نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی بەدواوە بووە.
مەسعوود محەممەدی لە ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لە شەقامی "ئازادگان"ی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. دواتر هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی پشکنین، هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی.
مەسعوود محەممەدی خەڵکی گوندی "گۆل" سەر بە شاری بۆکانە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە دەسبەسەرکران و تۆمەتەوەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.