۲۴ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ لە درێژەی گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، «خەلیل عەینی»، باوکی «سدیق عەینی»، چالاکوانی سیاسیی دەرەوەی وڵات و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ چەندەمین بار بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کراوە. ناوبراو دوای چەندین کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەدا، ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە بووەتەوە کە نابێت کوڕەکەی لە دەرەوەی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکی بکات؛ بە پیچەوانەی ئەمە، بنەماڵەکەی لە ئێران باجی چالاکییەکانی ئەو دەدەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «خەلیل عەینی»، خەڵکی ئاوایی «سینگان»ی سەر بە شاری شنۆ، چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کراوە و کەوتووەتە ژێر گوشار و لێکۆڵینەوە، و ئەم گوشارانە هەر جارێک ڕوویان لە زیادبوون کردووە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هەروەها داوا لە دایکی «سدیق عەینی» کراوە کە خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنێت. گوشارەکان بۆ سەر ئەم بنەماڵەیە بە شێوەیەکی بەردەوام و لە ڕێگەی دروستکردنی گوشاری دەروونی و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی دوای بانگکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بەردەوامە.

خەلیل عەینی پێشتریش چەندین جار بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کرابوو. ناوبراو لە ۲۲ی جۆزەردانی ۱۴۰۵یشدا بانگی ئەم دامەزراوە ئەمنییە کرابوو و پەیوەندیدار بە کوڕەکەی، سدیق عەینی کە لە دەرەوەی وڵات دەژیت، بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ئێران، کرابوویە ئامانجی لێکۆڵینەوە و گوشار. هەروەها لە ۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۰دا، دوای دەرچوونی سدیق عەینی لە ئێران، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، خەلیل عەینییان بانگ کردبوو و داوایان لێکردبوو کوڕەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران. 

سدیق عەینی، زیندانیی سیاسیی پێشوو؛

۲۱ی گەلاوێژی ۱۳۹۶، سدیق عەینی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێوە، بۆ زیندانی ئەم شارە گواسترایەوە. لە ڕێبەندانی ۱۳۹۶دا، ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکەمی دادگای نیزامیی یەکی پارێزگای ورمێ بە تۆمەتی «سیخوڕی لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران» سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و دوورخستنەوە  بۆ زیندانی ئەردەبێڵی بەسەردا سەپێندرا. دوای پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دادگای باڵای وڵاتدا، ناوبراو لە زیندانی ورمێوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ دوور خرایەوە. ۲۹ی پووشپەڕی ۱۴۰۰، بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی لە زیندانی ئەردەبێڵەوە مورەخەسی پێ درا و پاشان لە ئێران چووە دەرەوە.

٨ی بەفرانباری ۱۴۰۳، بەپێی بڕیاری لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای نیزامیی پارێزگای ورمێ و ڕوو لە ئیدارەی تۆماری بەڵگەنامە و مڵکەکانی شاری شنۆ، ئەو مڵکەی بۆ دابینکردنی بارمتەی دوو میلیارد تمەنیی سدیق عەینی، زیندانیی سیاسیی پێشوو دانرابوو، بە مەبەستی زەوتکردن و دەسبەسەرداگرتنی بارمتەکە بە قازانجی حکوومەت، خرایە ناوی لیستی فرۆشتنەوە.

سدیق عەینی، کوڕی خەلیل، لەدایکبووی ساڵی ۱۳۷۵ و خەڵکی ئاوایی «سینگان»ی سەر بە شنۆ، چالاکوانی سیاسیی دەرەوەی وڵاتە.