۲۵ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، «میلاد ئەسەدی»، هاوڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «سۆرتەنگ»ی سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیلامەوە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ بە ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە بۆ ماوەی ۷ مانگ و ۲۹ ڕۆژە لە دەسبەسەریدا بەسەر دەبات و تا ئێستا لە مافی ئازادیی کاتی بێبەش بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «میلاد ئەسەدی»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «سۆرتەنگ»ی سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە تۆمەتەکانی «تێکدانی نەزمی گشتی» و «تێکدانی مڵک و ماڵی گشتی» بە ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە. ناوبراو ئێستا لە زیندانی ناوەندیی ئیلامدا بەسەر دەبات و ئەم حوکمە بۆ تێپەڕاندنی سەردەمی مەحکوومیەتەکەی جێبەجێ کراوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مافی ئازادیی کاتی بێبەش بووە.
«میلاد ئەسەدی» لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴، ڕۆژی ۲۷ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴، لە دوای هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و هیچکات لە مافی ئازادیی کاتی بێبەش نەبوو. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوەدا، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان و لە شوێنێکی نادیاردا ڕاگیراوە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بێبەش کراوە. دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام.





