٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «دوکتۆر ناسر هێمەتی»، پزیشکی دەروونناس و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، کە بەهۆی هەڵوێست و ڕەخنەکانی لە دەسەڵات چەند جار ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردن، دەرکردنی سزا و بەندیخانە بووەتەوە، بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکردن، دەبێت خۆی ڕادەستی بەندیخانەی «ماهپارە» لە شاری «دەرەڕشار» لە ئیلام بکات. ناوبراو وێڕای ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بەم سزایە، ئەمەی بە وەپاڵدانی تۆمەتی بێ بەڵگە، نایاسایی و درۆی ئاشکرا و لەسەر بنەمای هەڕەشەی دادوەر ناو بردووە و جەختی کردووەتەوە کە تەنانەت دوو دادگا لە ئاماژەدان بە بەڵگەکاندا دژبەیەک و پێچەوانەی یەکترن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «دوکتۆر ناسر هێمەتی»، پزیشکی دەروونناس و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، دەبێت بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی خۆی ڕادەستی بەندیخانەی «ماهپارە» لە شارۆچکەی دەرەڕشار لە ئیلام بکات. ناوبراو دوێنێ لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیبووی کە ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکردن دەبێت بچێتە بەندیخانە.

٢٩ی پوشپەڕی ١٤٠٤، دوکتۆر «ناسر هێمەتی» لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ڕەجەب محەممەدی»، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» بە ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکردنی داسەپاو و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ یان ڕێکخراوە دژبەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران (چالاکی پڕوپاگەندەیی بۆ پشتڕاستکردنەوە و بەهێزکردنی ڕێژیمی سەهیۆنیستی)» بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکردنی داسەپاوی پلە پێنج، بە ئەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکردنی پێشووی، مەحکووم کرا. بەپێی سزای دەرچوو، سزای دووەم کە قورسترین سزایە جێبەجێ دەکرێت، و ئەگەر سزای قورستر بە هەر هۆکارێک کەم بکرێتەوە، بگۆڕدرێت یان جێبەجێ نەکرێت، سزای قورستری دوای ئەو جێبەجێ دەکرێت.

دوکتۆر ناسر هێمەتی سەبارەت بە بڕیارەکانی لقی یەکەمی دادگای ئینقلاب لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: «سەرۆکی لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیلام، پێشوەختە و لە ڕۆژی دادگاییەکەدا سزای سەرەتایی پێ وتم (جەختی لەسەر سەپاندنی قورسترین سزا کردەوە و هەڕەشەی کرد کە تەنانەت یەک ڕۆژیش سزاکەم کەم ناکاتەوە!)»

تۆمەتەکانی دوکتۆر ناسر هێمەتی لەسەر بنەمای دۆسییەسازییە کە لە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری ئاودانان پێکهێنراوە و تەنیا لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئاودانان و ئەو بابەتانە بووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دراونەتە پاڵی. دادگا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوە ئەمنییە، بابەتە بڵاوکراوەکان لە تێلێگرام، خاوەندارەتیی ئەو بۆ ژمارە تلفۆنەکە و پێشینەی سزادانی پێشووی، تۆمەتەکانی کردووەتە بنەمای مەحکوومکردنەکەی؛ لە حاڵێکدا ئەو بەڵگانەی پێشکەش کراون زیاتر پشتیان بە ڕاپۆرت و بەڵگەنامەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بەستووە و لە دەقی بڕیارەکەدا، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و پێویست بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان بە ئاشکرا ڕەنگی نەداوەتەوە. هەروەها دادگا بە پشتبەستن بە مەحکوومبوونی پێشووی، لە ڕەچاوکردنی کەمکردنەوەی سزا خۆی بواردووە.

٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام، بە ڕەتکردنەوەی ناڕەزایەتیی «ناسر هێمەتی»، سزای لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلامی وەک خۆی پشتڕاست کردەوە و وەکوو بڕیاری کۆتایی ڕایگەیاند. ئەم لقە ڕایگەیاندووە کە «هیچ بەڵگە و دێکۆمێنتێک کە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئاماژەپێکراو پێشکەش نەکراوە و بە پێچەوانەی ئیدیعای ناوبراو کە ئیدیعای کردووە مۆبایلەکەی و هەژمارە تێلێگرامییەکە بە ناوی خوازراوەوەیە، بەڵام لە بەدواداچوونی ئەنجامدراودا ئەو ژمارە تلفۆنانەی بەکاری هێناون هەمان ئەوانەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکییان هەبووە و کردەوە تاوانکارییەکان بەهۆیانەوە ئەنجام دراون».

دوکتۆر ناسر هێمەتی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا، بە بڵاوکردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە، نووسیویەتی: «دەقی بڕیاری لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوە دەبینن. ئەو ئیدیعایەی خستوویانەتە ڕوو ئەوەندە بێواتایە کە ناتوانرێت بدرێتە پاڵ هیچ کەسێک: «ئیدیعای کردووە کە ئامێری مۆبایل و هەژماری تێلێگرامی بە ناوی خوازراوەوەیە». ئامێری مۆبایل بە ناوی خوازراوەوە؟!»

دوکتۆر ناسر هێمەتی ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە «شەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بۆ جێبەجێکردنی سزاکە دەچێتە بەندیخانە»، لە پەرچەکرداریدا بەرانبەر بە بڕیارەکانی دادگا نووسیویەتی: «لە کاتێکدا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئاودانان ئیدیعای «پشکنینی ناوەڕۆکی مۆبایلەکەم» دەکات، بە ئاشکرا درۆیە کە من هەرگیز بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئاودانان نەکراوم و هیچ کاتێک مۆبایلێک لەبەر دەستی ئەم ئیدارەیەدا نەبووە. و لە کاتێکدا بڕیاری لقی یەکی دادگای ئینقلاب و پێداچوونەوە لەسەر ئەم بنەمایە دەرچووە، بەڵام پێش ئەوە، دادگای کەیفەری یەک، منی لە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان بێتاوان ناسیبوو کە هیچکام لە بەڵگەکان کە خراونەتە ڕوو و بەڵگەنامەکانی دۆسییەکە «پەسندکراوی دادگا» نین. نازانم دیوانی باڵای وڵات ڕا دەردەبڕێت یان نا، کە بۆچی و چۆن دوو «دادگا» لە یەک پێکهاتەی دادوەریدا دەبێت سەدا سەد دژبەیەک بن؟»

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە «ئیدارەی ئیتلاعاتی ئابدانان بە شێوازێکی نایاسایی هەوڵی داوە لە دژی بەڵگە کۆ بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت ڕابگەیەنێت کە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی سیخوڕەکان و دزیی سایبێری لە دژی ئەو سکاڵای تۆمار کردووە؛ چونکە بە وتەی ئەو، بەپێی یاساکانی دەسەڵاتی دادوەری، بەڵگە و بەڵگەنامەکان دەبێت لە ڕێگەی یاساییەوە دەسکەوتبێن."

پێشینەی مەحکومبوون و جێبەجێکردنی سزا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئێسفەهان؛

١٨ی جۆزەردانی ۱۳۹۸، دوکتۆر ناسر هێمەتی لە لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئێسفەهاندا تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە لە دژی ڕێژیم» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران»ی خرایە پاڵ و پاشان لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە لە دژی ڕێژیم» بە ساڵێک بەندکردنی داسەپاو و بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە دوو ساڵ بەندکردنی داسەپاو مەحکوم کرا کە سزای قورستر جێبەجێ کرا.

٥ی بەفرانباری ۱۳۹۸، دوکتۆر ناسر هێمەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئێسفەهان، بەهۆی ئەوەی وەک «ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئێستا و پشتیوانیکردن لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۳۹۸» ڕاگەیاندرابوو، دەسبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. ٢٩ی خەرمانانی ۱۴۰۰، لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئێسفەهاندا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» دادگایی کرا و بە ساڵێک بەندکردنی دیکە مەحکووم کرا.

١٩ی گەلاوێژی ۱۴۰۰، ناوبراو دوای بانگکردنی بۆ لقی یەکی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای ئینقلابی ئێسفەهان، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی دەستگێردی ئێسفەهان گواسترایەوە.

دوکتۆر «ناسر هێمەتی»، کوڕی سۆهراب، خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرا لە پزیشکیی دەروونناسیدایە.