٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای سنە بە دەرکردنی بڕیارێک بە تۆمەتی ئەمنی لە دژی «شەهرزاد ڕەزایی»، چالاکی مەدەنی و بوارەکانی ژنان و لە دەسبەسەرکراوانی «ژن، ژیان، ئازادی» و ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، داوای لێکردووە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی یان بەردەوامیدان بە ڕێکارە دادوەرییەکان خۆی بناسێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە دوای بانکردنی بەردەوام، هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، هەوڵدان بۆ دەسبەسەرکردنی دوو منداڵە مێرمنداڵەکەی و دۆسییەسازی لە دژی «شەهرزاد ڕەزایی» و هاوسەرەکەی «شاهۆ ئۆسکوویی»، ئەم بنەماڵەیە ناچار بە بەجێهێشتنی ئێران بوون. بەپێی ئاگاداریی تەواوی دەسەڵات لە چوونەدەرەوەی ناجاریی ئەم بنەماڵەیە لە وڵات، دامەزراوە ئەمنییەکان ژمارەی مۆبایل و هەژمارە بانکییەکانیانیان بلۆک کردووە و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵیان گەڕاندنەوەیان بۆ ئێرانیان داوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لە چوارچێوەی بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنی و ژنان لە ئێراندا، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ شەهرزاد ڕەزایی، بەدواداچوون بۆ پێشینەی چالاکییە مەدەنی و مرۆڤدۆستانەکانی ئەم بنەماڵەیە، لەوانە یارمەتیدانی بریندارانی ناڕەزایەتییەکان، دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی زیانلێکەوتووان، و هەروەها دۆسییەسازیی بەردەوام، دەسبەسەرکردن و مەحکوومکردنەکان، ئەشکەنجە، چوونەدەرەوەی ناچاری لە ئێران و گوشارەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ سەری، هاوسەرەکەی شاهۆ (شەهریار) ئۆسکوویی و دوو منداڵە مێرمنداڵەکەیان دەکات. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها پێشینەی یاسایی و دادوەریی ئەم بنەماڵەیە و بەردەوامیی گوشار و هەڕەشەکان لە دژیان بەڵگەدار دەکات.

بانگکردن بۆ جێبەجێکردنی سزا و هەوڵێکی دیکە بۆ گەڕاندنەوەی بنەماڵەکە بۆ ئێران؛

لە درێژەی هەوڵەکانی سیستەمی دادوەری و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە بۆ گەڕاندنەوەی «شەهرزاد ڕەزایی» و بنەماڵەکەی بۆ ئێران، لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی ئاگادارییەکی فەرمی کە کۆپییەکی بەدەستی کوردپا گەیشتووە، لقی چوارەمی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی شاری سنە لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥دا، سەبارەت بە دۆسییە ئەمنییەکەی پێشتر کە لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە لە دژی «شەهرزاد ڕەزایی» پێکهێنراوبوو، داوای لێکردووە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بۆ «جێبەجێکردنی سزا یان بەردەوامییدان بە ڕێکارە دادوەرییەکان» سەردانی یەکەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادوگستەریی سنە بکات. تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بریتین لە «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی»، «ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات» و «پڕوپاگەندە لە دژی ڕێژیم». لەم ئاگادارییەدا هەروەها هاتووە کە لە حاڵەتی خۆنەناساندن لە مۆڵەتی دیاریکراودا، «بەپێی یاسا و ڕێساکان» هەنگاو دەنرێت.

شەهرزاد ڕەزایی دەڵێت: «بەپێی هەڵسوکەوتە سەروویاساییەکانی دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانی شاری سنە لەگەڵ من و هاوسەرەکەم بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانمان لە ساڵانی ڕابردوودا، تەنانەت ڕوون نییە مەبەستیان لە «هەڵسوکەوتی یاسایی» چییە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەندامانی بنەماڵەکەمان لە ئێراندا لەژێر گوشاردان و ئەم دامەزراوانە بەباشی دەزانن کە من و بنەماڵەکەم بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوام ناچار بە بەجێهێشتنی ئێران بووین. پێش چوونەدەرەوەش لە وڵات قەدەغەی هاتووچۆیان بەسەردا سەپاندبووین و دوای چوونەدەرەوەش ژمارەی مۆبایل و تەواوی هەژمارە بانکییەکانمان بلۆک کراون. ئەم دامەزراوانە هەروەها لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵیان داوە ئیمە ناچار بە هاوکاری لەگەڵ خۆیان بکەن و بمانگەڕێننەوە بۆ ئێران. بەم پێیە، هەڕەشەکردن بە «هەڵسوکەوتی یاسایی» دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکردنی سزای قورس لە دژمان.»

شەهرزاد ڕەزایی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا، لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار، بە هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای نزیکەی مانگێک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە یەکێک لە گرتنگە نادیارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. ڕەزایی لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیگرتن بە ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بێبەش بوو.

دوای ئازادکردنی کاتیی «شەهرزاد ڕەزایی» و هاوسەرەکەی «شاهۆ (شەهریار) ئۆسکوویی»، کە هەردووکیان لە بەفرانباری ١٤٠٤دا و هاوکات دەسبەسەر کرابوون، گوشار و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەکان لە دژیان و بنەماڵەکەیان بەردەوام بوو. هێزە ئەمنییەکان چەند جار «شەهرزاد ڕەزایی» و دوو منداڵە ١٦ ساڵانەکەیان بانگه کردن و هەوڵی دەسبەسەرکردنیانیان دان. لە هەندێک حاڵەتیشدا هێزە ئەمنییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی خۆی و منداڵەکانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەیان، بەڵام ئەندامانی بنەماڵەکە لە ماڵەوە نەبوون. بەردەوامیی ئەم گوشار و هەڕەشانە لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی «شەهرزاد ڕەزایی» و «شاهۆ (شەهریار) ئۆسکوویی» لەگەڵ منداڵەکانیاندا ناچار بە چوونەدەرەوەی لە ئێران ببن.

پێشینەی چالاکییە مەدەنی و مرۆڤدۆستانەکانی ئەم بنەماڵەیە؛ 

  • بنەماڵەی ڕەزایی و ئۆسکوویی لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، چالاکیی بەرفراوانی مرۆیی و مەدەنییان لە بوارەکانی دابینکردنی دەرمان و ڕاگەیاندنی یارمەتی بە بریندارانی ناڕەزایەتییەکاندا ئەنجام داوە. چالاکییەکانیان بەمە سنووردار نەبووەتەوە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی کەسانی زیانلێکەوتوو و بنەماڵەکانیان، لە ئامادەکردنی بەرگ و شیری وشکەوە تا ئامادەکردن و دابەشکردنی خواردنیشی گرتووەتەوە. ئەم بنەماڵەیە لە پەنا چالاکییە مەدەنییەکانیاندا، لە ساڵانی ڕابردوودا لە بوارە جیاوازەکانی مرۆڤدۆستی و پشتیوانیکردن لە کەسانی لاوازدا چالاکییان هەبووە؛ بەڵام بەهۆی هەمان پێشینەی چالاکییە مەدەنییان، ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردنی بەردەوام، مەحکومکردنی دادوەری، بانگکردن و لێپرسینەوە و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.
  • لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا، ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە هەوڵی دابینکردن و ئامادەکردنی دەرمان بۆ خۆپێشاندەرانی برینداریان دا و توانییان بەشێک لەم دەرمانانە بگەیەننە دەست بریندارەکان. بەڵام دوای چوونەدەرەوەی ناچاری بنەماڵەکە لە ئێران، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان، بڕە دەرمانە ئامادەکراوەکانیان بێ بەڵگەی یاسایی لەگەڵ خۆیان برد.
  • چالاکییە مرۆڤدۆستانەکانی ئەم بنەماڵەیە تەنیا تایبەت بە ساتی ناڕەزایەتییەکان نەبووە. ئەندامانی بنەماڵەی ڕەزایی و ئۆسکوویی لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی کەسانی بێپەنا و لاوازیش چالاکییان کردووە. شەهرزاد ڕەزایی هەروەها لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و یارمەتیدانی کەسانی تووشبوو چالاکیی هەبووە. 
  • شەهرزاد ڕەزایی و هاوسەرەکەی «شاهۆ (شەهریار) ئۆسکوویی»، وێڕای دەسبەسەرکردنی بەردەوام و سەرەڕۆیانە و مەحکوومبوون بە بەندکردن و بەندیخانە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جار بەهۆی چالاکییە ژینگەیی و مەدەنییەکانیان لە سنەدا بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە. دامەزراوە ئەمنییەکان چەند جار لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە ئاگاداری و هەڕەشەیان ئاراستە کردوون و داوایان لێکردوون کە لە چالاکییە مەدەنییەکان و ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکاندا بەشداری نەکەن. هەروەها ئەم دامەزراوانە چەند جار داوایان لە شەهرزاد ڕەزایی و شاهۆ ئۆسکوویی کردووە هاوکارییان بکەن. 
  • شەهرزاد ڕەزایی هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕووبەڕووی بێبەشکردنی کۆمەڵایەتی بووەتەوە. بۆ ئەم بنەماڵەیە قەدەغەی هاتوچۆ لە ئێران دەرچووبوو و تەنانەت دوای چوونەدەرەوەی ناچاریش لە وڵات، ڕووبەڕووی بلۆککردنی ژمارەی مۆبایل و هەژمارە بانکییەکانیان بوونەتەوە. ئەم هەنگاوانە لە بارودۆخێکدا ئەنجام دراون کە بنەماڵەکە بەهۆی بەردەوامیی گوشار و هەڕەشە ئەمنییەکان ناچار بە بەجێهێشتنی ئێران بوون و ئێستاش ڕووبەڕووی هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزا و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەیان بوونەتەوە.

پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومبوونی شەهرزاد ڕەزایی لە ڕەوتی «ژن، ژیان، ئازادی»دا؛

  • شەهرزاد ڕەزایی هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لە ڕێکەوتی ٥ی میهر (ڕەزبەر)ی ١٤٠١دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو دوای نزیکەی حەفتەیەک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

 

  • پاشان، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا، لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «بەهمەن ئومیدزادە»، ناوبراوی بە تۆمەتی «تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی» بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە سنە، بە دوو ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرد. 

پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومبوونی «شاهۆ (شەهریار) ئۆسکوویی»؛

  • «شاهۆ (شەهریار) ئۆسکوویی»، هاوسەری شەهرزاد ڕەزایی، لە وەرزشوانە ناسراوەکانی سنە و بەندکراوی سیاسیی پێشووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جار دەسبەسەر کراوە و ڕووبەڕووی دۆسییەسازیی دادوەری و مەحکوومبوون بە بەندکردن بووەتەوە.
  • لە ٨ی خەزەڵوەری ۱۳۹۶دا، شاهۆ ئۆسکوویی لەگەڵ ٢٧ کەسی دیکە، بەهۆی خۆشی و شادیدەربڕینی خەڵک لەسەر شەقام لە سنە دوای بەڕێوەچوونی ڕاپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۱۳۹۶دا، دەسبەسەر کرا و زیاتر لە ٢٤ ڕۆژی بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە دەسبەسەریدا بەسەر برد. دوای ئەم دەسبەسەرکردنە، لقی ٢ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە بۆ ئەم ٢٨ کەسە دۆسییەی پێکهێنا. لە درێژەدا، ئەوان بە تۆمەتەکانی «بەشداری لە پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی ئاژاوە»، «تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگەی ئاژاوە» و «سەرپێچی لە مەئموران لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا» تۆمەتبار کران، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، لەم تۆمەتانە بێبەری کران.
  • شاهۆ ئۆسکوویی لە ٢٧ی ڕەشەمەی ۱۳۹۷دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای مانگێک و ١٧ ڕۆژ لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، لە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ۱۳۹۸ بۆ بەندیخانەی سنە گواسترایەوە و دوای دوو مانگ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. 
  • دوای ئەوە، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر «سەعیدی»، ناوبراوی بە هۆی تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی ڕێژم» بە شەش ساڵ بەندکردنی داسەپاو مەحکووم کرد. لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ۱۳۹۸دا، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە سزاکەی بۆ دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی داسەپاو کەم کردەوە.
  • لە درێژەدا، شاهۆ ئۆسکوویی لە ٢ی بەفرانباری ۱۳۹۸دا بۆ لقی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بانگی دادگای سنە کرا و بۆ کێشانی سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە. ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ، بێ بەهرەمەندبوون لە تەنانەت یەک ڕۆژ مورەخەسی، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەدا مایەوە و سەرەنجام لە خاکەلێوەی ۱۴۰۰دا بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کرا.
  • شاهۆ ئۆسکوویی هەروەها لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا و لە ڕۆژانی سەرەتای ئەم ناڕەزایەتییانەدا، لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ۱۴۰۱دا، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و ماوەیەک لە دەسبەسەریدا مایەوە.
  • ناوبراو جارێکی دیکە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا، لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴دا، بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. لە درێژەدا، بە بەردەوامیی گوشار و هەڕەشە یەک لە دوای یەکەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە دژی خۆی و بنەماڵەکەی، ئەم بنەماڵەیە ناچار بە چوونەدەرەوەی زۆرەملێ لە ئێران بوون. 

پێشینەی چالاکییە وەرزشییەکانی بنەماڵەی ڕەزایی و ئۆسکوویی؛ 

  • شەهرزاد ڕەزایی ڕاهێنەری وەرزشی ڕەزمیی «گراپلینگ»ە و پێشتریش وەک وەرزشوان لە بەشەکانی جودۆ و زۆرانبازیدا چالاکیی هەبووە. بەڵام لە سنەدا بەهۆی بوونی دۆسییەی سیاسی، ڕێگەی پێنەدرا وەک ڕاهێنەری زۆرانبازی چالاکی بکات و ناوبراو چالاکییەکانی لە بوارەکانی ڕاهێنەرایەتیی وەرزشی ڕەزمی «گراپلینگ» لە سەقز درێژە پێدا.
  • «شاهۆ (شەهریار) ئۆسکوویی»ش پاڵەوان و ڕاهێنەرە لە بەشەکانی زۆرانبازی، والیباڵ و ئەسپسواریدا و لە ئاستی پارێزگا و وڵاتدا پلەکانی پاڵەوانێتیی بەدەست هێناوە.
  • دوو منداڵە ١٦ ساڵانەکەی ئەم بنەماڵەیە، دوو کوڕی مێرمنداڵ بە ناوەکانی «سارۆ» و «ساکۆ»، ئەوانیش لە بەشی زۆرانبازیدا چالاکییان هەیە و لە ئاستی پارێزگا و وڵاتدا پلەکانی پاڵەوانێتییان بەدەست هێناوە. ئەم دوو مێرمنداڵە تەنانەت دوای چوونەدەرەوەی ناچارییان لە ئێران لە کێبڕکێ وەرزشییەکاندا بەشدارییان کردووە و پلە یەکەمەکانیان بەدەست هێناوە. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا؛ 

کوردپا هەوڵەکانی دەزگای دادوەری و دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دۆسییەسازی، ئازاردان و ڕادەستکردنەوەی زۆرەملێی چالاکانی مەدەنی، چالاکانی مافی ژنان و بەندکراوانی سیاسیی پێشوو بەتوندی شەرمەزار دەکات. هەنگاوی دوایی دەزگای دادوەری لە دەرکردنی بڕیارە ئەمنییەکان و ئاگادارییە هەڕەشەئامێزەکان لە دژی «شەهرزاد ڕەزایی» و بنەماڵەکەی لە بارودۆخێکدا کە دامەزراوە ئەمنییەکان بە تەواوی لە چوونەدەرەوەی ناچاریی ئەوان لە وڵات ئاگادارن؛ نموونەی بەرچاوی سەرکوتی سەرووی سنوورەکان و بەزاندنی سنوورەکانی جۆرێک لە تۆقاندنە. کوردپا هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی ئەم گوشارانە، هەڵکوتانە سەر ماڵەکان، هەڕەشەکردن بە دەسبەسەرکردنی منداڵە مێرمنداڵەکان، بلۆککردنی هەژمارە بانکییەکان و هێڵەکانی پەیوەندی و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی دووبارەی ئەم بنەماڵەیە بۆ ناو خولی سەرکوتکردن، گیان و ئاسایشی ئەوان تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا ڕووبەڕووی مەترسیی جیددی دەکاتەوە.

 

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە