۲۵ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکاندا، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕاگەیاندنە حکوومییەکان لە زاری ڕاگەیەندراوی ئەم ناوەندە ئەمنییەوە، هەواڵی دەسبەسەرکردنی ۱۱ هاوڵاتییان لە مەڵکشایی، سەر بە پارێزگای ئیلام، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا ڕاگەیاندووە. ئەم ناوەندە بە وەپاڵدانی تۆمەتگەلێکی وەک پەیوەندی لەگەڵ «ئەمریکا و ئیسرائیل» بۆ ئەم هاوڵاتییانە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ناوبراوان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا ڕۆڵی «لیدەر»یان هەبووە. بە سەرنجدان بە ڕەوتی بەربڵاوی ناوەندە ئەمنییەکان لە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا و ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە ڕاگرتنی دەسبەسەرکراوان لە ناڕوونیی درێژخایەن و بێبەشکردنیان لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، نیگەرانیی جیددی دەربارەی چارەنووسی ئەم کەسانە لە ئارادایە.
ڕاگەیاندنە حکوومییەکان، لەوانە ئاژانسی هەواڵی «ئیرنا»، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ئیتلاعات نووسیویانە کە ئەم ۱۱ کەسە دوای ناسینەوەیان وەکوو «لیدەر»ی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە مەڵکشایی دەسبەسەر کراون. ئەم ناوەندە ئەمنییە تۆمەتگەلێکی وەک «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و تێکدانی مڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی» داوەتە پاڵیان و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم کەسانە بە ناونیشانی «سیخوڕی ئەمریکا و ئیسرائیل» لە چوارچێوەی «سێ تیمی جیاوازدا» چالاکییان کردووە.
ئەم بانگەشانە لە کاتێکدان کە تا ئێستا ناوی ئەم ۱۱ هاوڵاتییە و زانیاری دەربارەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان بڵاو نەکراوەتەوە. وەزارەتی ئیتلاعات هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم کەسانە «چەکی گەرم و سارد»یان لەبەر دەستدا بووە. بە سەرنجدان بە پێشینەی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان، ئەشکەنجە و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دۆسییە هاوشێوەکاندا، نیگەرانی لە وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لەم هاوڵاتییانە، بەتایبەت لە بارودۆخی بێبەشبوون لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و ڕاگرتنیان لە شوێنێکی نادیاردا، جیدییە.
لە هەمان پەیوەندیدا، پێشتریش دوای دەسبەسەرکردنی چەند هاوڵاتییەک لە پارێزگای ئیلام، دانپێدانانی زۆرەملێیان لە ڕاگەیاندنە حکوومییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە. ڕۆژی شەممە ۳۰ی جۆزەردانی ۱۴۰۴، ڕاگەیاندنە حکوومییەکان، لەوانە ئاژانسی هەواڵی میزان و دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێی هاوڵاتییەکی خەڵکی ئیلامیان بە ناونیشانی «دەسبەسەرکردنی ۳ لیدەری مەیدانی و ۱۴ سیخوڕی ئەمریکا–ئیسرائیل» بڵاو کردەوە؛ ئەدەبیاتێک کە لەم مانگانەی دواییدا بە بەربڵاوی لەلایەن ڕاگەیاندنە حکوومییەکانەوە دژی ناڕازییان و دەسبەسەرکراوان بەکار هێنراوە. سەرچاوەکانی کوردپا ناسنامەی ئەم کەسەیان بە «مەهدی کەریمی» پشتڕاست کردەوە. پێش بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیۆیەش، هەواڵی دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بڵاو کرابووەوە.
هەروەها لە ۳۰ی خەرمانانی ۱۴۰۵دا، تۆڕی دەنگوڕەنگی پارێزگای ئیلام ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی دوو لاوی خەڵکی ئاسمان ئاوای ئیلامی بە ناوەکانی «یاسر هەواسیزادە» و «یوونس بەکری» بڵاو کردەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم دوو هاوڵاتییە زیاتر لە مانگێک بوو بەبێ تەنانەت یەک پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لە شوێنێکی نادیاردا ڕاگیرابوون و نیگەرانیی جیددی دەربارەی چارەنووسیان تا ئێستا لەئارادایە.
پێشتر ناوەندی ئەمنی و سەرکوتکەری وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و ڕاگەیاندنە حکوومییەکان لە چەندین حاڵەتدا هەواڵی دەسبەسەرکردنی هاوڵاتییانیان لە پارێزگای ئیلام ڕاگەیاندووە، بەڵام تا ئەم ساتە ناسنامەی وردی دەسبەسەرکراوان و چارەنووسی هیچکامیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ڕوون دیاری نەکراوە و زانیاری دەربارەی دۆخی ئێستا یان شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە؛
۷ی خاکەلێوەی ۱۴۰۵؛ وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند لە پێنج پارێزگای ئێران، لەوانە ئیلام، سەرجەم ۴۶ کەس بە ناونیشانی «سیخوڕی ئەمریکایی–سەهیۆنیستی و دەسبەسەر کراون. لە بەشی پەیوەندیدار بە ئیلامدا هاتوو کە ۵ کەس بە تۆمەتی ناردنی زانیاری بۆ «ئیسرائیل» دەسبەسەر کراون و لەوانیش ۲ ئامێری ستارلینک دۆزراوەتەوە.
۵ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ وەزارەتی ئیتلاعات باسی لە دەسبەسەرکردنی کەسێک لەژێر ناونیشانی «سیخوڕێک» و ۱۶ کەس لە هۆکارانی «گرووپە تێرۆریستییەکان» و «ئاراستەکەران بۆ دوژمن» لە پێنج پارێزگادا کرد. لە بەشی پەیوەندیدار بە ئیلامدا، کەسێک بە ناوی «ئومید_ئا» بە تۆمەتی «هاوکاریی زانیاری لەگەڵ مووساد و گواستنەوەی زانیاری» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
۲۴ی جۆزەردانی ۱۴۰۴؛ ئیرنا باسی لەوە کرد کە لە پارێزگای ئیلام، کەسێک بە ناسنامەی «عەلی.ح» کە بە ئیدیعای سەرچاوە حکوومییەکان «مەبەستی دزەکردن بۆ ناوەندەکانی داتا و سامانە هەستیارەکانی وڵات و گواستنەوەی زانیارییە پۆلێنکراوەکانی بۆ دوژمن بووە»، پێش هەر هەنگاوێک ناسراوەتەوە و دەسبەسەر کراوە.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە، هەوڵی وەک دەسبەسەرکردن بەبێ ڕوونیی دادوەری، ڕاگرتن لە شوێنی نادیار، بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بنەماڵە، و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ پێش بەڕێوەچوونی دادگا، دەکرێت ببنە نموونەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە. هەروەها بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ پێش سەلماندنی تاوان، لەگەڵ ئەسڵی بێتاوانی و قەدەغەی ناچارکردن بۆ دانپێدانان لە دژایەتیدایە. لەو حاڵەتانەدا کە بنەماڵەکان لە شوێنی ڕاگرتنی کەسەکان بێئاگان، ئەم دۆخە دەکرێت لە چوارچێوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ یان دۆخی هاوشێوەی ئەودا دابنرێت کە لە جیددیترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت.





