۲۴ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ لە بارودۆخێکدا کە هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی کەلوپەلە بنەڕەتییەکان لە نێوان ۱۱۵ تا ۱۹۶ لەسەد ڕاگەیەندراوە، گەڵاڵەی «خۆڕاگەیاندنی زیادکردنی کاڵابەرگ» بۆ وەرگرتنی چەند سەد هەزار تمەن ئیعتیباری زیاتر، بووەتە ئامرازێک بۆ پێشێلکردنی مافی بژێوی و سەرگەردانیی خەڵک. هاوڵاتییان بۆ ناونووسین ناچارن بە مۆبایلەکانیان یان بە چەند کاتژمێر لە کافینێتەکاندا لە ڕیزدا بوەستن؛ ئەوەش لەکاتێکدا کە سامانی ناوەندەکە تووشی تێکچوون بووەتەوە و کاتی دانی ئەو ئیعتیبارەی بەڵێنی دراوە دیار نییە. هاوکات، نیگەرانی لە سڕینەوەی یارانه و کاڵابەرگ بە هەر بیانوویەک، گوشاری بژێویی لەسەر بنەماڵە کەمداهاتەکان زیاتر کردووە. لەلایەکی ترەوە، بە بلۆکەکراوی مانەوەی داواکارییە میلیاردییەکانی فروشگاکان (تا ۱۸ میلیارد تەمەن) و دانەوەی دڵۆپەئاسا (قەترەچەکانی)، دەوڵەت بە کردەوە گەڵاڵە پشتگیرییەکانی خۆی لە گیرفانی کاسبکاراندا دابین کردووە؛ بابەتێک کە فرۆشیارەکانی ناچار کردووە لە وەرگرتنی کاڵابەرگ پاشگەز ببنەوە و سفرەی توێژە بێبەشەکانی بەرەو قفڵبوون بردووە.

هاوڵاتییەکی خەڵکی سەقز سەبارەت بەم «فۆرمی خۆڕاگەیاندنی زیادکردنی گەڵاڵەی کاڵابەرگ»ە دەڵێت: «زیاتر لە حەفتەیەکە حوکوومەت خەڵکی سەرقاڵ کردووە تا بۆ زیادبوونی ۵۰۰ هەزار تەمەن بۆ کاڵابەرگ، بە مۆبایلەکانیان یان بە سەردانیکردنی کافینێتەکان ناونووسین بکەن. ئەم گەڵاڵەیە کە تایبەتە بە دەهەکەکانی ۱، ۲ و ۳ و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگە، لە بارودۆخێکدا جێبەجێ دەکرێت کە ئینتێرنێتیان زۆر لاواز و خاو کردووەتەوە تا کاری خەڵک بە خاوی بەڕێوە بچێت.

ئەم هاوڵاتییە دەڵێت: مووچەی کەسانی ژێر چاودێریی کۆمیته ئێمداد و بێهزیستی بە شێوەی ئۆتۆماتیک جێبەجێ کرابوو و پێویستی بەم ناونووسینانە نەبوو. بەڵام لە ڕاستیدا، زۆرێک لە هاوڵاتییان هەر ناچنە خانەی ئەم گەڵاڵەیەوە و هیچ شتێکیان پێ ناکەوێت، بەڵام دەوڵەت بەم ناونووسینانە، خەڵکی سەرقاڵ کردووە تا بە مۆبایل و ئینتێرنێت داواکاری بنێرن. خەڵک لە کافینێتەکاندا لە ڕیزدا وەستاون تا ڕەنگە ۳۰۰ تا ۵۰۰ هەزار تەمەن بچێتە سەر حیسابەکەیان؛ ژمارەیەک کە پێدانی بەستراوەتەوە بە بڕی سەرمایەی ناو هەژمار، پێشینەی کار و هەبوون یان نەبوونی مڵک و ماڵ. هەروەها ئەگەرچی دەهەک‌بەندییەکان لە ۱ تا ۹ ڕاگەیەندراون و بەر کەسانی دەهەکی ۴ و ۵ بەسەرەوە ناکەوێت، و بە دەهەکەکانی ۱، ۲ و ۳یش تەنیا لە نێوان ۳۰۰ تا ۴۰۰ هەزار تەمەن دەدرێت.

سەرەڕای ئەم گرانفرۆشییە سەرئێشەهێنەرانە و بارودۆخی خراپی بژێوی، ئەم بڕە پارە کەمە لە ئێستادا تەنیا لە ئاستی قسەدا ماوەتەوە و دیار نییە کەی دەدرێت.

لە درێژەدا ئەم هاوڵاتییە ئاماژە بە ڕەهەندەکانی تری قەیرانی گەڵاڵەی زیادکردنی کاڵابەرگ دەکات و دەڵێت:

«بەڵام کێشەی سەرەکیی کاڵابەرگ پەیوەندیدارە بەو فرۆشگایانەی کە لەسەر بنەمای ئەم گەڵاڵەیە ماددەی خۆراکییان بە خەڵک فرۆشتووە، بەڵام داواکاری و پارەکەیان هەرلای حکوومەت ماوەتەوە؛ بە شێوەیەک کە سەرمایەی هەندێک لەم فروشگایانە لەلای دەوڵەت دەگاتە ۱۷ یان ۱۸ میلیارد تەمەن و مانگەکانە کە پێیان نەدراوەتەوە. ئێستا لە دوای گوشاری ئەم فرۆشگایانە بۆ سەر دەوڵەت، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ژمارە تلفۆنێکیان ڕاگەیاندووە کە فرۆشیار دەبێت لە نێوان نیو سەعات تا ۴۰ خولەک لە پشت هێڵ بوەستێت و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا بە جۆرێک هێڵەکانیان تێکداوە کە دەنگ ناگوێزرێتەوە و پەیوەندییەکە بەپڕتاو دەبڕێت. لە حاڵەتی گەڕاندنەوەشدا، بڕە پارەکان بە شێوەی دڵۆپەئاسا و پارچە پارچە (چەند میلیۆنی) دەدرێتەوە. ئەم شێوازە بە کردەوە فرۆشگاکانی لە پێشکەشکردنی ماددەی خۆراکی بە کاڵابەرگ پاشگەز کردووەتەوە، چونکە نەختینەکەیان مانگەکانە بە نادیاری دەمێنێتەوە. ئەم پرۆسەیە بەوردی وەک ئەوە وایە کە حکوومەت لە گیرفان و ماڵی خۆی کاسبکاران و فرۆشیاران (وەک مریشک‌فرۆش، قەساب و فرۆشیارەکانی خۆراک) بژێوی بداتە خەڵک، بەڵام گەڕاندنەوەی پارەی کاسبکاران مانگەکانە دوا بخات.

هاوکات، زۆرێک لە هاووڵاتییان لە ڕەوتی ناونووسینی نوێ بۆ «خۆڕاگەیاندنی زیادکردنی ئیعتیباری کاڵابەرگ»، ئاماژەیان بە ئاڵۆزی و کێشەکانی ئەم سیستەمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە؛

  • هاوڵاتییەک نووسیویەتی: دوای پڕکردنەوەی فۆرمی خۆڕاگەیاندن پێیان وتووە دەبێت بەڵێننامەیەک پڕ بکاتەوە و بەم شێوەیە تەنانەت ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە زەوی، مڵک، ئۆتۆمبێل یان داهاتی سەرووی ۴۰ ملیۆن تەمەنی هەبێت، کاڵابەرگی تەواوی بنەماڵەکە دەبڕدرێت. بە بڕوای خەڵک، ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستمە کۆکردنەوەی ئاماری وردە بۆ سڕینەوەی کەسەکان.
  • هاوڵاتییەکی تر ئاماژەی پێکردووە، لە فۆرمەکاندا دەربارەی لێهاتوویی یان ئاستی خوێندەواریی سەرپەرستی بنەماڵە پرسیار دەکرێت؛ دایکم کە سەرپەرستمە هیچکام لەمانەی نییە.
  • زۆرێک لە هاوڵاتییان باسیان لە نەهاتنەوەی کۆدی پشتڕاستکردنەوە و کورتەنامە و پەیامی خەتای «کۆدی میللی ڕێگەپێدراو نییە»، دەرنەکەوتنی بژارەی زیادکردنی کاڵابەرگ و پچڕان و سەرنەکەوتنی سیستمەکە کردووە. هەروەها ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم تێکچوونانەوە نەیانتوانیوە تا کۆتایی مۆڵەتی دیاریکراو ناونووسین بکەن، لە نادیاریی درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی کاتەکەدا ماونەتەوە.

ئەم هاوڵاتییە هەروەها دەربارەی یارانەکان دەڵێت: بڕی یارانەش لە دەوروبەری ۳۰۰ تا ۴۰۰ هەزار تەمەندایە و لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا، ئەگەر پارەیەک لە حیسابی بانکیی کەسەکاندا بێت، یارانەکەیان دەبڕدرێت. بە وتەی ئەو، حاڵەت هەبووە کە کەسەکان دوای فرۆشتنی ماڵ یان ئۆتۆمبێلی خۆیان یان تەنانەت بە خستنە سەر حیسابی بڕە پارەیەکی کەم بۆ سەر حیسابە بانکییەکەیان، بەم بیانوویە لە وەرگرتنی یارانە بێبەش کراون.

کاڵابەرگ و فۆرمی خۆڕاگەیاندن بە مەبەستی زیادکردنی ئیعتیباری کاڵابەرگ؛

«فۆرمی خۆڕاگەیاندن بە مەبەستی زیادکردنی ئیعتیباری کاڵابەرگ» کە لە ڕەزبەری ۱۴۰۵دا لە ئارادا بوو و مۆڵەتی کۆتایییەکەی تا شەوی هەینی ۲۴ی ڕەزبەری ۱۴۰۵ درێژکرایەوە و سەرپەرستەکانی بنەماڵە بۆ ناونووسین ئەرکدار کرابوون بە سەردانیکردنی «پەنجەرەی میللیی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتی هۆشمەند» (ماڵپەڕی my.gov.ir) یان بەکارهێنانی پەیامگەیەنە حکوومییە ڕاگەیەندراوەکان (وەک «بەڵێ»).

گەڵاڵەی کاڵابەرگی ئۆتۆماتیکی ئامرازێکی پشتگیرییە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی هەڵاوسانی کەلوپەلە بنەڕەتییەکان و دابینکردنی ۱۱ جۆر کاڵا کە لە کۆیدا ۸۷.۵ میلیۆن کەس لە پلەی جیاوازدا و نزیکەی ۴۴ میلیۆن کەس لە چوارچێوەی دەهەکە کەمداهاتەکاندا (دەهەکەکانی ۱ تا ۳، ژێر چاودێرانی کۆمیته ئێمداد و بێهزیستی) دەگرێتەوە، لەکاتێکدا یارانەی ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات بڕدراوە. ئیعتیباری بنەڕەتیی گشتیی مانگانە بۆ هەر کەسێک ۱ میلیۆن تەمەن دیاری کراوە و لە گەڵاڵەی نوێی «خۆڕاگەیاندن»دا، ئەگەری زیادبوونی ۵۰۰ هەزار تەمەن (گەیشتن بە ۱.۵ ملیۆن تەمەن) بۆ دەهەکە نزمەکان خراوەتە ڕوو؛ ئەگەرچی وەزیران و بەرپرسانی باڵای دەوڵەت وەک عەبدولناسر هێمەتی، ئەحمەد مەیدەری، سەید حەمید پوورمحەممەدی و بەرپرسانی وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵ دانیان بەوەدا ناوە کە جێبەجێکردنی تەواو و بەردەوامی ئەم زیادکردنە بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی دەوڵەت و مەجلیس و دابینکردنی سەرچاوەی قورس .

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئاگاداریی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە سەبارەت بە وەدرۆخستنەوەی دواخستنی گەڵاڵەکە و بەردەوامیی پرۆسەی ناونووسینی خۆڕاگەیاندن لە سیستمەکاندا، قەیران لە ئاستی خستنەڕوو و دابەشکردندا بەرز بووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە بەرپرسانی پارێزگا لە وەزارەتی کار و جێگری شارەوانیی تاران (گۆڕەپانی میوە و تەڕەبار) دانیان بە وەستانی وەرگرتنی کاڵابەرگ لەلایەن فرۆشگاکانەوە ناوە بەهۆی دواکەوتنی دوورودرێژی دەوڵەت لە یەکلاکردنەوەی داواکارییە قورسەکانی ئەسنافدا و باسیان لە هەوڵدان بۆ دانەوەی داواکارییەکان لە ماوەی چەند حەفتەدا کردووە.

هەڵاوسانی دەسبەسەرداگیراو؛

لە کاتێکدا هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی گشتی بەپێی ئاماری فەرمی ۸۹.۸ە، قەیرانی هەڵاوسان لە بەشی خۆراکییەکاندا توندیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و هەڵاوسانی خاڵیی کەلوپەلە بنەڕەتییەکان لە سنووری ۱۲۱ لەسەد تێپەڕیوە؛ لەم نێوەندەدا، کەلوپەلە بنەڕەتییەکان و ماددە خۆراکییەکانی سفرەی خەڵک لەگەڵ هەڵکشانی بێوێنەی بەها ڕووبەڕوو بوونەتەوە کە بەپێی ئەوە، گرووپی ڕۆنەکان و چەورییەکان بە نزیکەی ۱۹۶ لەسەد، نان و دانەوێڵەکان بە زیاتر لە ۱۲۱ لەسەد، شیر، پەنیر و هێلکە بە نزیکەی ۱۱۸ لەسەد و گۆشتی سوور و باڵندەکان بە زیاتر لە ۱۱۵ لەسەد گەشەی ساڵانەی بەها، زۆرترین گوشاری بژێوییان خستووەتە سەر دەهەکە کەم‌داهاتەکان و توێژە زیانپێکەوتووەکان.