سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێکی خەڵکی سەحنە لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا
19:15 - 17 خەزەڵوەر 2724
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "جەلیل ئێقباڵزادە" خەڵكی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.
ئەم بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج کرابوو.
جەلیل ئێقباڵزادە چوار ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لە لایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.