دایە مینا، دایکی مافخواز بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

01:28 - 12 رەزبەر 2724

ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕەزبەر ١٤٠٣، دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، پاش ٢١ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم دایکە مافخوازە لەم ماوەیەدا بە بێ مافی چاوپێکەوتن و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر تەنیا دوو جار پێوەندیی تلفۆنیی لەگەڵ کەسە نزیکەکانی هەبووە و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی دایە مینا و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

 پێشتر دایە مینا سوڵتانی لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوامەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کەوتبووە ژێر گوشارەوە تاکوو واز لە مافخوازی بێنێت.

دایە مینا یەکێک لە دایکە مافخوازەکانە کە لەگەڵ زۆربەی دایکانی مافخواز لە سەتاسەری ئێراندا، درێژە بە مافخوازی و وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی دەدات.

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەهریار محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا و پاش کوژرانی هاوڕێکەی بە ناوی محەممەد حەسەنزادە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە شناسایی کرا و دوای کەوتن. هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بۆ کوشتنی شەهریار لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان لە فەلەکەی عەلی ئاباد هەتا بێهزیستییان بەستبوو و ماشینەکەی شەهریاریان گەمارۆ دابوو و بە چەک و فیشەکی جەنگی تەقەیان لێ کردبوو و ماشینەکەیان کون کون کردبوو. هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقەکردن لە شەهریار لە ترسی خەڵک و بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتبوو و شەهریار پاش ٢٠ خولەک بانگی دایکی دەکا و بە ناڵە و هاوار داوای یارمەتی دەکات. ئەم هاووڵاتییە ٤٠ خولەک پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی "قولیپوور" و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ژیان، گیانی لەدەست دا.