جەسیم حاسڵی، وەرزشوانی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:04 - 4 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، جەسیم حاسڵی، وەرزشوان و قارەمانی وەرزشی مووی تای و کیک بۆکسینگی خەڵکی مەریوان، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم وەرزشوانە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپای سنەوە بۆ بەندیخانەی مەریوان ڕاگوێزرابوو.

 ئەم وەرزشوانە کوردە ماوەی ٢ مانگ و ٢٠ ڕۆژە بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر دەسبەسەر کراوە و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای سنەوە لێپرسینەوەی لێ کراوە.

جەسیم حاسڵی پێشتر لە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣ پاش بانگکران بۆ ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوان بۆ چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابوو و ئەشەکنجە  درابوو و دواتر ئازاد کرابوو.

نێوەڕاستەکانی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣، هەواڵگەلێک سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی جەسیم حاسڵی بڵاو کرانەوە کە سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ئەو هەواڵانە پشتڕاشت ناکاتەوە و دەڵێ ناوبراو لە ٢ مانگ و ٢٠ ڕۆژ پێشەوە دەسبەسەر کراوە.

جەسیم حاسڵی، کوڕی جەمیل، لەدایکبووی ١٣٧٥ لە گوندی کەڕئاوا سەر بە شاری مەریوانە. ناوبراو قارەمانی وەرزشی کیک بۆکسینگ و مووی تای ئێرانە و زیاتر لە ١٠ ساڵە لەم بوارەدا چالاکە و شانازیی یاریکردن لە خولی نایابی ڕێکخراوە ناسراوەکانی تایلەندی هەیە. ناوبراو ماوەیەکیش کاری کۆڵبەری کردووە.