بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی بەهمەن محەممەدپوور لە بەندیخانەی نەغەدە

00:13 - 25 رەزبەر 2724

بەهمەن محەممەدپوور، لاوی خەڵکی "شیناوێ"ی پیرانشار سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ مانگ لە دەسبەسەرکران، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە بەندیخانەی نەغەدەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهمەن محەممەدپوور سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٤٠٣، بۆ دووهەمین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بە هۆی دەستێوەردانەکانی ئیتلاعاتی پیرانشار تاکوو ئێستا ئەم لاوە کوردە ڕێوشوێنی یاسایی خۆی تێپەڕ نەکردووە و کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناوبراو بەڕێوە نەچووە.

ئەم لاوە کوردە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

بەهمەن محەممەدپوور لەدایکبووی یەکی بەفرانباری ١٣٧٩یە.