مەهاباد؛ محەممەدڕەزا قەیتەرانی بە ٦ مانگ بەندکران سزا درا

12:50 - 5 رەزبەر 2724

محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" بە ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم لاوە کوردەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کراوە.

ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.

محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، محەممەڕەزا قەیتەرانی خەڵکی گوندی "گردیاقووب" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

پێشتر لە ڕۆژی یەکی ڕەزەری ١٤٠١دا، محەممەدڕەزا قەیتەرانی کوڕی جەلال لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە مەیدانی "ئیستقلال"ی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو پاش چەند ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەکانی مەهاباد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا. لە کۆتاییدا پاش دوو مانگ دەسبەسەرکران لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.