بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدی لە بۆکان
سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە کاتی دەسبەسەرکرانی دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
میلاد محەممەدی، برای شەهریار محەممەدی لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا وتی: دایکی ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە تاکوو ئێستا دوو جار پێوەندیی تلفۆنیی لەگەڵ کەسە نزیکەکانی هەبووە و بە مەبەستی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: دایە مینا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
بە وتەی میلاد محەممەدی، تاکوو ئێستا بەدواداچوونی کەسانی نزیک لە دایە مینا، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکی دایە مینا و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی دایە مینا زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
پێشتر دایە مینا سوڵتانی لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوامەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کەوتبووە ژێر گوشارەوە تاکوو واز لە مافخوازی بێنێت.
دایە مینا یەکێک لە دایکە مافخوازەکانە کە لەگەڵ زۆربەی دایکانی مافخواز لە سەتاسەری ئێراندا، درێژە بە مافخوازی و وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی دەدات.
ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەهریار محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا و پاش کوژرانی هاوڕێکەی بە ناوی محەممەد حەسەنزادە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە شناسایی کرا و دوای کەوتن. هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بۆ کوشتنی شەهریار لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان لە فەلەکەی عەلی ئاباد هەتا بێهزیستییان بەستبوو و ماشینەکەی شەهریاریان گەمارۆ دابوو و بە چەک و فیشەکی جەنگی تەقەیان لێ کردبوو و ماشینەکەیان کون کون کردبوو. هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقەکردن لە شەهریار لە ترسی خەڵک و بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتبوو و شەهریار پاش ٢٠ خولەک بانگی دایکی دەکا و بە ناڵە و هاوار داوای یارمەتی دەکات. ئەم هاووڵاتییە ٤٠ خولەک پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی "قولیپوور" و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ژیان، گیانی لەدەست دا.