فەردین ڕۆستەم‌نژاد، کۆڵبەری خەڵکی پاوە پاش ١٨ مانگ ئێش و ئازار بە هۆی پچڕانی نوخاعییەوە گیانی لەدەست دا

10:44 - 31 خەرمانان 2724

ڕۆژی هەینی، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٣، فەردین ڕۆستەم‌نژاد، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "شمشێر" سەر بە شاری پاوە، دوای پچڕانی نوخاعی بە هۆی برینداربوون لە کاتی کۆڵبەریدا، پاش ١٨ مانگ ئازارکێشان، گیانی لەدەست دا.

فەردین ڕۆستەم‌نژاد ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە کاتی کۆڵبەریدا و دوابەدوای تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووریی نەوسوود، فیشەک بەر سکی کەوت و تووشی پچڕانی نوخاع بوو.

ئەم کۆڵبەرە لاوە لەم ماوەیەدا، دوو جار لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان نەشتەرگەریی بۆ کرا و چەندین جار بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی لە نەخۆشخانە خەوێندرا، بەڵام لە کۆتاییدا بە هۆی نەبوونی چاوەدێریی تایبەت و نەمانی جووڵەی لەشی لە نێوقەدەوە بۆ خوار، تووشی برینی ناو جێگا بوو و گیانی لەدەست دا.

فەردین ڕۆستەم‌نژاد تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندار بووە و کچێکی هەیە کە ناوی "پەریا"یە.

جگە لە فەردین، دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەشی کە کۆڵبەرییان کردووە، لە ماوەی زەمەنیی دوو ساڵدا کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و بریندار کراون.

کۆڵبەران لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا لە مافی هەموو چەشنە بیمەیەک لە نەخۆشخانەکان بێبەری کراون و تێچووی چارەسەرکردنیان لە ئەستۆی خۆیانە.

بەپێی بەڵگەکانی کوردپا، تاکوو ئێستا دۆسییەی سکاڵای هێچ کۆڵبەرێک لە سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا بە ئاکام نەگەیشتووە.