مەریوان؛ ڕێبوار کەریمیان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە دەرگیرییەکی سپا لەگەڵ ئەندامانی ئەم حیزبە گیانی لەدەست دا

22:38 - 29 خەرمانان 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣، لە دەرگیرییەکی نیزامیی هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ تیمێکی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەرزاییەکانی سنووری "سوورێن" سەر بە شاری مەریوان، ئەندامێکی ڕێبەرێی حیزبی ناوبراو بە ناوی "ڕێبوار کەریمیان" گیانی لەدەست دا.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم دەرگیرییە ڕایگەیاندووە کە "ڕێبوار کەریمیان" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەم حیزبە گیانی لەدەست داوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، دەرگیریی هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ ئەم تیمە لە ئەندامانی کۆمەڵە لە کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانییەوە هەتا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە خومپارەباران و تۆپباران بەردەوام بووە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئاماژەی بەوە کردووە کە لەمبارەوە وردەکاریی زیاتر  بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، تیمێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کراوەتە ئامانجی هێرشەکانی سپای پاسداران و حیزبی ناوبراو تاکوو ئێستا گیانلەدەستدانی ئەندامانی ئەم تیمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

هەروەها میدیا و کاناڵەکانی سەر بە سپای پاسداران تەنیا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "ڕێبوار کەریمیان" نووسیویانە.

لەلایەکی ترەوە بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، لەم دەرگیرییەدا بەشێکی بەرچاو لە لێڕەوارەکانی دەوروبەری گوندەکانی "ئەسکۆڵ" و "سیاناو" بە هۆی تۆپبارانەکانی سپای پاسدارانەوە تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە و تاکوو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.