مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی ماردین دێهقانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

12:39 - 19 خەرمانان 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، ماردین دێهقانی، هاووڵاتیی خەڵكی "سەردۆش" و دانیشتووی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵە و دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەم لاوە، دەستیان بەسەر مۆبایلی خۆی و دایک و براکەیدا گرتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم لاوە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە.

هەتا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ماردین دێهقانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.