محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا
محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم لاوە کوردە لە ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کراوە و ڕۆژی شەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٣، مۆبایلەکەی ڕادەستی خۆی کراوەتەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، محەممەڕەزا قەیتەرانی خەڵکی گوندی "گردیاقووب" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
پیشتر لە ڕۆژی یەکی ڕەزەری ١٤٠١دا، محەممەدڕەزا قەیتەرانی کوڕی جەلال لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە مەیدانی "ئیستقلال"ی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
ناوبراو پاش چەند ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەکانی مەهاباد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا. لە کۆتاییدا پاش دوو مانگ دەسبەسەرکران لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.