مەهاباد؛ گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی سمکۆ مەولوودی بە فیشەکی قەناسە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا

20:30 - 6 خەرمانان 2724

شەوی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی لە سەقز و دریژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شارەکانی کوردستان، سمکۆ (ئیسماعیل) مەولوودی، کرایە ئامانجی تەقەی قەناسەی دووربینداری هێزە سەرکوتکەرەکان و دەسبەجێ پاش تەقە، بە هۆی خوێنڕێژیی زۆرەوە گیانی لەدەست دا.

سمکۆ مەولوودی یەکەم گیانلەدەستداوی شاری مەهاباد لە چلەی ژینا ئەمینی؛

ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی لە سەقز، ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان گەیشتنە لووتکە. تەنیا لەم ڕۆژەدا ٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی محەممەد لوتفوڵڵاهی، محەممەد شەریعەتی، محەممەدکەیوان دەرویشی، ئەفشین ئاشام و سمکۆ مەلوودی لە شارەکانی سنە، قەسری شیرین و مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژران و سمکۆ مەلوودی یەکەم کەس بوو کە لەم ڕۆژەدا لە مەهاباد و بەدەستی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا.

لە ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە مەهاباد دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی، بەرینتر بوونەوە. ناڕازییان لە شەقامەکانی مەهاباد دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە و هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو ڕاپۆرت و ڤیدیۆ لە تەقەی بەردەوامی هێزە سەرکوتکەرەکان لە خەڵک بڵاو کرایەوە.

لەم کاتەدا ڤیدیۆیەک لە کوژرانی سمکۆ مەولوودی بڵاو کرایەوە کە ناڕازییان دەڵێن "نەماوە". پاش ماوەیەکی کورت یەکەمین ڤیدیۆ لە تەرمی سمکۆ مەولوودی بڵاو کرایەوە.

مەهاباد شەوێکی ئاڵۆزی تێپەڕاند و هێزە سەرکوتکەرەکان هاوکات لەگەڵ زۆرکردنەوەی توندوتیژییەکان لە ڕێگەی پەهپادەوە هەوڵی ناسینی خەڵکیان دەدا.

قەتڵی حکوومەتی سمکۆ مەولوودی بە فیشەکی قەناسە پاش ناسینەوەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە؛

لە ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا و پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەیان هەزار کەسیی چلەی ژینا ئەمینی، ناڕەزایەتییەکان لە کوردستاندا پەرەیان گرت. بوونی ناڕازییان لە شەقامەکانی سنە، سەقز، بۆکان، کامێران، ئیلام، کرماشان، دیواندەرە، مەریوان و ... گەیشتە لووتکە. لە کاتژمێرەکانی سەرەتای شەوەوە، هێزە سەرکوتکەرەکان بە توندوتیژییەوە ناڕازییانیان بە فیشەک کردنە ئامانج. لە مەهاباد یەکەم ناڕازی بە ناوی سمکۆ(ئیسماعیل) مەولوودی بە فیشەکی قەناسە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سمکۆ کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە لە بەرەی پێشەوە بوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ناسرابووەوە و لە ئاکامدا بە فیشەکی قەناسەی دووربیندار کوژرا. ناوبراو دەسبەجێ پاش تەقەکردنەکە گیانی لەدەست دا، چونکە بە ئامانجی کوشتن تەقەی لێ کرابوو، بە شێوەیەک کە فیشەکی قەناسەکە لە لای ڕاستەوە لە بن باڵییەوە چووبووە نێو لەشیەوە و لە لای چەپی لەشییەوە و لە بن باڵییەوە دەرهاتبوو.

لە هەوڵی هێزەکانی حکوومەتەوە بۆ ڕفاندنی تەرمەکەی هەتا گوشار بۆ سەر بنەماڵەکەی بۆ بەخاکسپاردنی بە شەودا؛

پاش کوژرانی ئەم ناڕازییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە، سەرەتا تەرمەکەی لەلایەن خەڵکەوە بۆ ماڵێک گوازرایەوە و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی مەهاباد کرا. کاتێ کە تەرمەکە لە نەخۆشخانەدا بوو، بنەماڵەی مەولوودی ئاگادار دەبنەوە کە کوڕەکەیان بەدەستی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ کاتێ بنەماڵەی سمکۆ گەیشتنە نەخۆشخانە، تەرمەکەی لە ساردخانەدا بوو. هاوکات هێزەکانی حکوومەت ئامبوڵانسێکیان ئامادە کردبوو تاکوو تەرمەکە لە خەڵک بشارنەوە و بە شێوەی نهێنی ئەسپەردەی خاکی بکەن. بەڵام بە هۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە نەخۆشخانە، بنەماڵەکەی توانییان تەرمەکەی ببەنەوە بۆ ماڵەوە.

دواتر بنەماڵەی مەولوودی تەرمی سمکۆ بە مەبەستتی شۆردن بۆ مزگەوتی "مامۆستا خزر گومرک" لە گەڕەکی خۆیان ڕادەگوازن.  بە وتەی سەرچاوەی ئاگادری کوردپا، هەتا بەیانی هەزاران کەس لە بەردەم مزگەوتەکە کۆ بوونەوە تاکوو پێش بە ڕفاندنی تەرمی سمکۆ لەلایەن هیزەکانی حکوومەتەوە بگرن.

ڤیدیۆگەلێک لە ڕاگواستنی تەرمی سمکۆ مەولوودی لەلایەن خەڵکەوە بە دروشمی "شەهید نامرێ" لە گەڕەکەکانی مەهاباد؛

لەسەرەتاکانی شەودا، گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی مەولوودی دەست پێ دەکات و کاتێک کە تەرمی سمکۆ لە مزگەوت بووە، لە ئیتلاعاتی مەهابادەوە چەند جار پێوەندی بە باوک و برای سمکۆوە دەگیرێت و دەیانخەنە ژێر گوشار و هەڕەشەیان لێ دەکەن کە هەرچی زووتر تەرمی سمکۆ بە خاک بسپێرن و نابێ ئەم کارە بگاتە بەیانی تاکوو خەڵک کۆ نەبنەوە؛ بەڵام باوکی سمکۆ بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەڵێ، من تا بەیانی تەرمی کوڕەکەم ئەسپەردەی خاک ناکەم و بێگومان دەبێ هەموو خزم و کەسی ئێمە کۆ ببنەوە.

گوشارەکانی ئیتلاعات کۆتایی پێ نایەت، برا و مامی سمکۆ مەلوودی بانگی ئیتلاعاتی مەهاباد دەکرێن و بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ دەکرێ، تاکوو تەرمی سمکۆ بە شەودا بە خاک بسپێرن، بەڵام بەم حاڵەشەوە بنەماڵەی سمکۆ هەتا بەیانی ڕادەوەستن.

بەڵگەی بەخاکسپاردن نیشانی دەدات کە سمکۆ مەولوودی بە فیشەکی جەنگی کوژراوە؛

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ و کاتێک کە هێشتا تەرمی سمکۆ ئەسپەردەی خاک نەکرابوو، بەڵگەی بەخاکسپاردنەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا کە تێیدا هۆکاری مەرگەکە "بەرکەوتنی شتی قورسی ئاگرین (فیشەکی چەکی شەڕکەر)" نووسرابوو.

لە بەشی وەردەکاریی ئەم بەڵگەیەدا "چوونەژوورەوەی شتی ئاگرینی تیژ بۆ بەشی ناوەوەی لای ڕاستی سینگ و هاتنەدەرەوەی لە لایەنی بەرانبەر" وەکوو شێوەی تەقەکردن لە سمکۆ هاتووە و "پچڕانی ئۆرگانەکانی ناوەوەی قەفەسەی سینگ و خوێنڕێژیی زۆری ناوەوە بەم هۆیەوە" وک هۆکاری مەرگ ڕاگەیەندراوە.

ناڕەزایەتیی هەزاران کەس لە خەڵکی مەهاباد لە شەقامەکان پاش ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سمکۆ مەلوودی؛

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، تەرمی سمکۆ مەولوودی بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک و وتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی وەکوو "مردن بۆ خامنەیی" بە خاک سپێردرا. خەڵکی ناڕازی بە وتنەوەی دروشمگەلێک وەک "ئەی شەهیدان"، "سمکۆ ڕێگات درێژەی هەیە"، "شەهید شکۆی نیشتمانە ئەم خەباتە لەنێو ناچێ" و ... یاد و ڕێگای سمکۆیان بەرز ڕاگرت.

لە درێژەدا خەڵكی مەهاباد پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سمکۆ لە گوڕستان، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ نێو شار سەرلەنوێ ناڕەزایەتییان دەست پێ کرد. خەڵک لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە کوژرانی سمکۆ دروشمیان دەدا و دەیانگوت: "هەتا کوردێک بمێنی، کوردستانیش دەمێنێ". ڕێژەی خەڵکی تووڕەی مەهاباد لە شەقامەکان زۆرتر دەبوویەوە و هاووڵاتییانی ناڕازی بەرەو شارەداری و فەرمانداریی مەهاباد دەرۆیشتن. بەشداریی خەڵک لە ئاستێکدا بوو کە هەندێ کەس دەیانگوت کونتڕۆڵی فەرمانداری کوتووەتە دەستی خەڵکەوە. بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکان خێرا دەستیان بە تەقەکردن لە خەڵک بە فیشەک و گازی فرمێسکڕێژ کرد. تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان تەنانت کۆڵان و گەڕەکەکانیشی گرتەوە. بەم حاڵەشەوە لافاوی تووڕەیی خەڵکی مەهاباد بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەرەو لای ئیدارە دەوڵەتییەکان درێژەی هەبوو و ناڕازییان هەوڵیان دەدا هێماکانی کۆماری ئیسلامی لا ببەن.(ڤیدیۆی ١، ڤیدیۆی ٢)

هاوکات لەگەڵ بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان ڕوو لە خەڵک پەرەی سەند و لە ئاکامدا ٤ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی زانیار ئەبووبەکری، شاهۆ خزری، کوبرا شێخە و فریشتە ئەحمەدی بە فیشەکی شەڕکەر کوژران.

لەم ڕۆژەدا دەیان کەس بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوون و سەرکوتێکی بێوێنە لە مەهاباد هاوکات لەگەڵ بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەستی پێ کرد و هەتا چەند مانگ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە درێژەی کێشا.

گوشاری نوێنەری مەهاباد لە مەجلیس بۆ سەر بنەماڵەی مەولودی بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لە حیزبە کوردستانییەکان وەکوو بکوژی کوڕەکەیان؛

تەنیا سێ ڕۆژ پاش کوژرانی سمکۆ مەولوودی، جەلال مەحموودزادە، نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ مامی سمکۆ، دەیخاتە ژێر گوشارەوە کە دژی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان وەکوو هۆکاری کوژرانی کوڕەکەتان سکاڵا تۆمار بکەن.

یەکێک لە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی مەولوودی لەمبارەوە بە کوردپای وت؛ مەحموودزادە بە مامی سمکۆی ڕاگەیاندووە کە لە لێکۆڵینەوەکاندا گەیشتوونەتە ئەم ئاکامە کە  "کۆمەڵە" هۆکاری کوژرانی کوڕەکەیان بووە و دەبێ دژی ئەم حیزبە سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵام مامی سمکۆ لە وڵامدا وتوویەتی: "سکاڵای ئێمە لە خودی عەلی خامنەییە، ئەگەر دادگایی دەکەن، ئێمە سکاڵاکەمان تۆمار دەکەین، ئەگەریش نا سکاڵایەکمان نییە."

پێشتریش مامی سمکۆ لە لێپرسینەوەکانی ئیتلاعاتی مەهاباددا لە هەمان شەودا کە سمکۆ کوژراوە لە وڵامی هێزە ئەمنییەتییەکاندا کە وتبوویان سکاڵا تۆمار دەکەن؟ وتبووی "سکاڵای ئێمە دژی عەلی خامنەییە."

درێژەی گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵە بە مەبەستی پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی هەر چەشنە ڕێوڕەسم و بۆنەیەک و تەنانەت داخستنی لاپەڕەی ئینستاگرامی سمکۆ؛

بنەماڵەی مەلوودی بەتایبەت لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی پێشگرتن لە هەر چەشنە ڕێوڕەسمێک بۆ کۆڕەکەیان بەتوندی لەژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بوون. گوشارێک کە دەسبەجێ پاش کوژرانی سمکۆ دەستی پێ کرد و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ باوک و برای سمکۆ چەندین جار بانگی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای مەهاباد کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە و ئێستاش چەند ڕۆژ پێش لە ساڵوەگەڕی هەر بۆنە و ڕێوڕەسمێک، بنەماڵەی مەولوودی بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەکرێن.

 ئاخرین حاڵەت چەند مانگ پێش ئێستا بوو کە برای سمکۆ بانگی ئیتلاعاتی سپای مەهاباد کرابوو. ناوبراو لە بەیانییەوە هەتا شەو لەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا لەژێر گوشار و لێپرسینەوەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بوو و بەڵێننامەی لێ وەرگیرابوو کە دەبێ لاپەڕەی ئینستاگرامی تایبەت بە سمکۆ کۆ بکرێتەوە، ئەگەر ئەم کارە نەکەن، هەر چالاکییەک لەو لاپەڕەیەدا بکرێ، دەسبەسەرکرانی ناوبراوی بەدواوە دەبێ.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی هەر چەشنە ڕێوڕيسمێک هەمیشە هەیە. لە مانگەکانی سەرەتادا سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بنەماڵە ڕێوڕەسمەکانی خۆیان لەسەر مەزاری سمکۆ بەڕێوە دەبرد، بەڵام لەم مانگانەی دوییدا پێش بە بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێک بەتایبەت لەسەر مەزاری سمکۆ دەگیرێت، بە جۆرێک کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەرکەی چوونەژوورەوەی گۆڕستانەکەش دادەخەن.

هەڵپەڕکێی شینگێڕی و لاواندنەوەی بنەماڵەی مەولوودی؛

هەڵپەڕکێی شینگێڕی و لاواندنەوەی حومەیرا برووسان، دایکی سمکۆ مەلوودی پاش کوژرانی کوڕەکەی بوو بە یەکێک لە هێماکانی مافخوازیی بنەماڵەی گیانلەدەستداوان لە کوردستاندا.

ناوبراو لە یەکێک لە لاواندنەوەکانیدا دەڵێ؛ سمکۆ هی کوردستانە، بالای بەقەد باڵای کوردستانە.

لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، دالیا کچی سمکۆ لەسەر مەزاری باوکی دەڵێ؛ هەرگیز بکوژی باوکم نابەخشم.

تەنیا وڵامی کۆماری ئیسلامی بە مافخوازیی بنەماڵە پێدانی ٩٠٠ میلیۆنە؛

کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی سمکۆ مەولوودی نە تەنیا هیچ ڕێوشوێنێکی دادوەریی نەگرتووەتە بەر بەڵکوو لەهەوڵدایە بە پێدانی پارە لەژێر ناوی خوێن بایی(دیە) و وەرگرتنی واژۆ لە بنەماڵەی مەولوودی ئەوان لە درێژەدان بە مافخوازی پاشگەز بکاتەوە و بە وەرگرتی واژۆ لەم بنەماڵەیە لە بەرانبەر ئەم پارەیەدا، جۆرێک لە سێنارۆسازیی خۆی بۆ بێبایەخکردنی مافخوازیی بنەماڵەی سمکۆ مەولوودی و قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو بەڕێوە ببات.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا فەرمانداریی مەهاباد لە پێوەندییەکدا لەگەڵ باوکی سمکۆ ڕایگەیاندووە کە خوێن بایی(دیە)ی کوڕەکەتان ٩٠٠ میلیۆن تمەنە. ئەم پارەیە مافی کچەکەی سمکۆیە و وەری بگرن. بەڵام باوکی سمکۆ لە وڵامدا وتوویەتی من نە پارەیەکم لێتان دەوێ و نە هیچ شتێکیش واژۆ دەکەم.

سمکۆ (ئیسماعیل مەولوودی)؛

سمکۆ مەلوودی کوڕی قادر و حومەیرا برووسان، لەدایکبووی ٧ی گەلاوێژی ١٣٦٦ لە شاری مەهاباد بوو.

ناوبراو لە مەهاباد لە کارواش کاری کردووە.

کچەکەی سمکۆ بە ناوی "دالیا" لە کاتی کوژرانی باوکیدا بە دەستی کۆماری ئیسلامی، تەمەنی ٥ ساڵ بوو.