بێبەریکردنی سۆلماز حەسەنزادە لە مافی چاوپێکەوتن و درێژەی دەستداگرتن بەسەر مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەی حەسەنزادە

22:32 - 13 گەلاوێژ 2724

چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها ڕۆژێک لە ڕاگواستنی ناوبراو بۆ بەندیخانەی ورمێ تێدەپەڕێت، بەڵام ناوبراو هەتا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ورمێ بێبەری کراوە و هێشتا لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرەڕای ڕۆیشتنی بنەماڵەی حەسەنزادە بۆ بەندیخانەی ورمێ، بەڵام مافی چاوپێکەوتنیان پێ نەدراوە. لەلایەکی دیکەوە سۆلماز حەسەنزادە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لپرسینەوەی لێ دەکرێت و هەموو ڕۆژێک بە مەبەستی لێپرسینەوە لە بەندیخانەی ورمێوە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕادەگوێزرێ.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند؛ مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەی حەسەنزادە، لەوانە مۆبایلی باوک و دایکی محەممەد تاکوو ئێستا لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە و ڕادەستیان نەکراوەتەوە.

دوابەدوای دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان؛ ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و ئەحمەد حەسەنزادەش بە دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەحمەد حەسەنزادە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. هەروەها سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانی ورمێ ڕاگوێزراوە و دۆخی دادوەریی دۆسییەکەی ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی باوک و خوشکی محەممەد، دایکی محەممەد و دوو ژنی دیکەیان دانە بەر لێدان و توندوتیژی کە بەم هۆیەوە دایکی محەممەد حەسەنزادە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بنەماڵەی حەسەنزادە بەبۆنەی لەدایکبوونی محەممەد لە هەوڵدا بوون، ڕێوڕەسمێکی بچووکی لەدایکبوون لە ماڵەکەی خۆیاندا بەڕێوە ببەن، بەڵام لەگەڵ ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەسبەسەرکران بەرەوڕوو بوونەوە.

سۆلماز حەسەنزادە پێشتر و لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢شدا لەگەڵ ٣ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "شیرین خەیات"، "سیمین خەیات" و "شەیدا ڕەزایی" بانگهێشتی میوانییەک لە شاری سەقز کرابوون کە لە خاڵی پشکنینی بۆکان_سەقز لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە کرایە ئامانجی فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت و گیانی لەدەست دا.

محەممەد حەسەنزادە، مانگێک پێش لە کوژرانی، بە هۆی بەرکەوتنی سێ فیشەکی ساچمەیی، چاوی چەپی خۆی لەدەست دابوو.  ناوبراو سێ جار لە تەورێز و تاران نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام بەم حاڵەشەوە بینایی چاوی لەدەست دا.