چاوپێکەوتنی نوێنەری کوردپا و دووزەن تێکاڵ، ڕۆژنامەوان و دامەزرێنەری هاوار هێڵپ سەبارەت بە دۆخی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان

16:54 - 8 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی هەینی، ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ ئەوین مستەفازادە، وتەبێژ و ئەندامی بەڕێوەبەریی کوردپا لە دیدارێکدا لەگەڵ دووزەن تێکاڵ، ڕۆژنامەوانی مافی مرۆڤ، چالاکی سیاسی و دامەزرێنەری هاوار هێڵپ لە ئاڵمان، پەرژایە سەر دۆخی پەنابەران و چالاکانی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەت پاش هاتنەئارای ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی نێوان ئێران و عێراق.

ئەوین مستەفازادە لەم دیدارەدا باسی لە هەڵوەشانەوەی مافی نیشتەجێبوونی سیاسی و پێدانی کارتی UN بە دژبەران و پەنابەرانی سیاسی پاش گوشار و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستای ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی نێوان ئێران و عێراقدا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕوون نییە ج چارەنووسێک چاوەڕوانی هەزاران پەنابەری سیاسی دەکات و هیچ ناوەندێکیش بەرپرسایەتیی وڵامدانەوەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

نوێنەری کوردپا ئاماژەی بەوە کرد کە گوشار و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و دوابەدوای جێبەجێکرانی ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی نێوان ئێران و عێراق دژی پەنابەرن کە زۆرینەیان دژبەرانی سیاسیی کۆماری ئیسلامین ڕووی داوە، چونکە شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هێشتا درێژەی هەیە و دەیەوێ خەباتکاران و دژبەران لە نێوخۆ و دەرەوە سەرکوت بکات و لە کوردستانش ئەم ڕەەوتە بەتوندی درێژەی هەیە.

بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەوتنە سەبارەت بە برینداران و دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بوو کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە و لەگەڵ دۆخی ناڕوون و نادیاربوونی چارەنووسی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

داواکاریی وتەبێژی کوردپا لە دامەزرێنەری هاوار هێڵپ، ئەوە بوو کە تاکوو ئێستا دەنگی ئەم پەنابەرانە بە هیچ شوێنێک نەگەیشتووە و ناوەندە مافی مرۆییەکان و وڵاتانی دیکە لەم دۆخە ئاگادار نین، بۆیە پێویستە دۆخی پەنابەران لە نزیکەوە چاوەدێری بکرێت و تێچووی ئەم سەرکوتە لە دەرەوەی ئێران کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕوو دەدات، قورس بکرێتەوە.

خاتوو تێکاڵ کە لەگەڵ تیمێکی ئاڵمانی بە مەبەستی لێکدانەوەی دۆخی ئێزدییەکان دوای داعش لە عێراق و هەرێمـی کوردستان، سەردانی عێراقی کردبوو؛ ڕایگەیاندبوو؛ ئەم زانیارییە گرینگە سەبارەت بە پەنابەران و دژبەرانی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستانە و هەوڵ دەدەم نوێنگەی ئەم دۆخەکە بم.

کوردپا پێشر لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ کەیوان سەمەدی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، باسی لە دۆخی پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردبوو. ئەم وتووێژە تایبەت بەو کاتەیە کە هێشتا ڕێککوتننامەی ئەمنیەتیی نێوان عێراق و ئێران نەچووبووە بواری جێبەجێکردنەوە و کارتی نیشتەجێبوونی سیاسی و UN بە پەنابەران دەدرا.