٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤؛ کوژرانی ٣٣ کۆڵبەر و برینداربوونی ٢٥٤ کەسی دیکە

17:11 - 20 پووشپەڕ 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە زنجیرە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا پەرژاوەتە سەر حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتە تۆمارکراوەکان و بەدواداچوونەکان لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و پێدەچێ ئاماری ڕاستەقینە بە هۆی سەرکوتی حکوومەتی و نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، میدیا و ناوەندە مافی مرۆییە سەربەخۆکان و چاوەدێری مافی مرۆڤ لە نێوخۆی کوردستان، زیاتر لەمە بێت.

خستنەڕووی گشتیی ئەم ئامارە؛

لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا بەگشتی ٢٨٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندار کراون (٣٣ کوژراو و ٢٥٤ بریندار)

١٤ کەس لەم کۆڵبەرانە کە کوژراون و بریندار کراون تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە. (کوژراوێک و ١٣ بریندار)

زیاتر لە ٧٤ لەسەدی ئەم کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون.

برینداربوون بە هۆی لێدان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بە زیاتر لە ٦ لەسەد، کوژران و برینداربوون بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە زیاتر لە ٥ لەسەد و کوژران و برینداربوون لە ئاکامی تەقەکردن، لێدان و تاشینی سەر لەلایەن هێزە نیزامییەکانی عێراقەوە بە زیاتر لە ٤ لەسەد، لە گرینگترین هۆکارەکانی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانن.

پێویستە بگوترێ کە زیاترین ڕێژەی کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە ڕووی داوە. چونکە ئەم ناوچانە تەنیا سنوورگەلێکن کە بە مەبەستی کۆڵبەری بۆ کۆڵبەران ماونەتەوە و باقی سنوورەکان لەوانە بەرزاییەکانی تەتە، سەقز و سەردەشت بەتوندی نیزامی و ئەمنیەتی کراون.

بە سەرنجدان بەوەی کە لە سێ مانگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ڕێژەی کۆڵبەرانی کوژراو ١٩ کەس بووە، بەپێی نمووداری ئاماریی کوردپا، ئەم ڕێژەیە لە کوژرانی کۆڵبەران لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا، زۆرترین ڕێژەی کوژران بە بەراورد لەگەڵ ئەم ماوە زەمەنییە لە ١٢ ساڵی ڕابردووی زایینیدا بووە.

هەروەها بە سەرنجدان بە ئاماری ٢٨٧ کۆڵبەری کوژراو و بریندار لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ و بە بەراورد لەگەڵ ئاماری ١٢ ساڵی ڕابردووی زایینی، دەکرێ بڵێین ئەم ڕێژەیە زۆرترین ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بووە، بە جۆرێک کە ئەم ئامارە لە ماوەی ٦ مانگدا تەنیا ٣٠ حاڵەت لەگەڵ ئاماری بڵاوکراو لە ساڵی ٢٠٢٣ کە بەرزترین ئاماری ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بووە، جیاوازیی هەیە.

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران: ٢٨٧ حاڵەت (٣٣ کوژراو و ٢٥٤ بریندار)

شێوازی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران؛

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئێران؛ ٢١٠ حاڵەت

لێدان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە؛ ١٩ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی: ١٦ حاڵەت

لێدان و دواتر تەقەکردن لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە: ٤ حاڵەت

تەقینەوەی مین: ٤ حاڵەت

سەرمابردوویی و گیرۆدەبوون لە بەفر و بۆران: ٣ حاڵەت

وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا: یەک حاڵەت

پچڕانی تاندۆن لە کاتی کۆڵبەریدا: یەک حاڵەت

برینداربوون لە ئاکامی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان: ٥ حاڵەت

تەقەی هێزە نیزامییەکانی عێراق: ٢ حاڵەت

لێدان لەلاایەن هێزە سنوورییەکانی عێراقەوە: ٢ حاڵەت

لێدان و تاشینی سەر لەلایەن هێزە سنوورییەکانی عێراق: ٩ حاڵەت

ڕووداوی هاتوچۆ لە کاتی چوون بۆ کۆڵبەری: ٩ حاڵەت

وردەکاریی سەبارەت بە ٣٣ کۆڵبەری کوژراو لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤:

١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢: شۆڕش خەرەگوشی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵكی سەڵماس لە ئاکامی بەرکەوتنی دوو فیشيکی جەنگی لە سەر سینگی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سنووری سەڵماس کوژرا.

٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٢: میرزا ئەحمەدی، تەمەن ٤٣ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی سنووریی "زڵە"ی بانە کوژرا.

٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٢: سادق میرزایی، تەمەن ٣٩ ساڵ ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی شاری جوانڕۆ، بە تەقەی هیزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود کوژرا.

٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ هوشیار مەحموودی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و خاوەندی منداڵ، خەڵکی گوندی "شمشێر" سەر بە شاری پاوە، لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی عێراق لە سنووری شۆشمێ کوژرا.

٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ مەنسوور محەممەدنژاد، تەمەن ٤٥ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی "جونیان" لە سەقز، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە پشتی لە سنووری "بەستام"ی سەقز کوژرا.

١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ جەبار وەیسی، تەمەن ٣٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێک، خەڵکی گوندی "جۆجار" سەر بە سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود کوژرا.

١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ فەرید رووبینا، خێزاندار و خەڵکی مەریوان کە ماوەی ٢٠ ڕۆژ بوو ژیانی هاوسەرگیری پێک هێنابوو، لە ئاکامی سەرمابردووی لە سنووری "هەنجیران"ی مەریوان گیانی لەدەست دا.

٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢: سەیوان سەحیحی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە گیانی لەدەست دا.

٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٢: جەعفەر فەرەجی، تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و خاوەنی منداڵ، خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری سەقز گیانی لەدەست دا.

٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢: محەممەد گەنجە تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندار و خاوەنی منداڵ، خەڵکی پیرانشار بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری پیرانشار گیانی لەدەست دا.

٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢: سەیوان باتر، خەڵکی گوندی "گاگل" سەر بە شاری مەریوان، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە کاتی چوون بۆ کۆڵبەری گیانی لەدەست دا.

٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٢: عەتا حوسێنی تەمەن ٣٢ ساڵ، خێزاندار و خاوەنی منداڵ، خەڵکی گوندی "بەلەبزان" سەر بە شاری بانە، لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری شۆشمێ گیانی لەدەست دا.

٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢؛ ڕەحیم محەممەدزادە، خێزاندار و خاوەنی منداڵ، خەڵکی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە گیانی لەدەست دا.

٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: پەیمان ئەحمەدی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، خێزاندار و خاوەنی منداڵ، بە تەقەی هیزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود کوژرا.

٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: محەممەدبایر محەممەدی، تەمەن ٤٨ ساڵ، خەڵکی جوانڕۆ، خێزاندار  خاوەنی منداڵ، بە هۆی وەستانی دڵ لەژێر گوشاری کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا.

٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: سۆران عەبدی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی بانە، خێزاندار خاوەنی منداڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە کوژرا.

٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: هەستیار عەبدولکەریمی، تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، بە هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری سەقز گیانی لەدەست دا.

٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: سەعید سەلووسی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشار و خاوەنی منداڵ، بە هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری پیرانشار گیانی لەدەست دا.

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: ئەبووبەکر ماخووزی فەرد، خەڵکی سەردەشت، خێزاندار و خاوەنی منداڵ، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت گیانی لەدەست دا.

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: شۆڕش شوکری، خەڵکی مەریوان، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان لە بەرزاییەکانی ژاڵانە گیانی لەدەست دا.

٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: مێهرداد عەبدوڵڵازادە، خەڵکی سەردەشت بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە هۆ ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا.

٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: ئومید سەعیدی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی دێولان، بە تەقەی هیزە نیزامییەکان لە سنووری بەستامی سەقز گیانی لەدەست دا.

٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: سەیوان دەست ئەفکەن، خەڵکی مەریوان، خێزاندار و خاوەنی منداڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری تەتەی هەورامان گیانی لەدەست دا.

٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣: شوانە ئەحمەدپوور، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی بانە، خێزاندار و باوکی منداڵێک، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بەستامی سەقز گیانی لەدەست دا.

١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣: هێمن ئەحمەدی، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی سەقز، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە گیانی لەدەست دا.

١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣: جەلال سۆهرابی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی بانە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە گیانی لەدەست دا.

١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣: عەتا ڕۆستەم پوور، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵكی سەقز، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە گیانی لەدەست دا.

٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ سالار ئەحمەدی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی دۆشکا لە سنووری سەردەشت گیانی لەدەست دا.

٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ واحید قادرپوور، خەڵکی سەقز، خێزاندار و خاوەنی منداڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە کوژرا.

٨ی جۆزەردانی ١٤٠٣؛ سینا ڕەسووڵزادە، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری سەرتەززێنی بانە گیانی لەدەست دا.

١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣؛ هەژیر مەحموودپوور، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود کوژرا.

٣١ی جۆزەردان؛ ئەرکان باڵوواسە، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامان گیانی لەدەست دا.

بەپێی وردەکارییە بڵاوکراوەکان سەبارەت بەم ٣٣ کۆڵبەرە؛ ٢٤ کەسیان بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکانی ئێران، یەک کەس بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکانی عێراق، ٤ کەس بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ٢ کەس بە هۆی سەرمابردوویی، کۆڵبەرێک بە هۆی وەستانی دڵ بە هۆی قورسیی کاری کۆڵبەری و یەک کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە کاتی چوون بۆ کۆڵبەری گیانی لەدەست داوە.

ئاماری ۱۲ ساڵەی کوردپا؛

لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردووی زایینیدا (٢٠٢٣_٢٠١٢)، بەگشتی ٢٢٠٦ کۆڵبەر لە کوردستان کوژراون و بریندار کراون. لەم ئامارە ٥٨٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٦١٧ کۆڵبەر بریندار کراون. ٤٠ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە و زیاتر لە ٧٣ لەسەدیشیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە