شنۆ؛ هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران بە چەکی قورس بۆ سەر کاسبکاران لە گوندی تاژاندەرێ

16:43 - 20 پووشپەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزەکانی سپای پاسداران لە شنۆ، بە چەک و تەقەمەنی قورس لەوانە "ئارپیجی، خومپارە، دۆشکا و نارنجۆک" هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجیبوونی کاسبکارانی گوندی "تاژاندەرێ" سەر بە شاری شنۆ کە لە ئاکامدا چەندین کەس کوژران و بریندار کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکیی ئاگاداری کوردپا، هێزەکانی سپای پاسداران بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک کاسبکار هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونیان لە "تاژاندەرێ" و پاش ئەوەی کە ناتوانن دەسبەسەریان بکەن؛ دەرگیرییەک لەنێوان کاسبکاران و هێزەکانی سپا دێتە ئاراوە و لە ئاکامدا، هێزەکانی سپا بە چەکی قورس ئەم شوێنە دەکەنە ئامانج و دەبنە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس.

تاکوو ئێستا ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان و برینداربووان لە هەر دوو لا لەبەر دەستدا نییە؛ بەڵام ئەوەی کە ڕوونە، یەکێک لە کاسبکارەکان بە ناوی "ڕامین خالیدی" (ناسراو بە ڕامین شکاک) لەم دەرگیرییەدا کوژراوە. لەلایەکی دیکەشەوە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کاسبکارێکی دیکەش بە ناوی "سەردار عومەرزادە" بریندار کراوە. لەلایەکی دیکەوە هەندێ لە ڕاپۆرتەکان کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم دەرگییرییەدا ٨ کەس لە هێزەکانی سپا بریندار کراون، هەروەها "ڕامین مورادی" کوژراوە و کاسبکارێکی دیکە بریندار بووە و کەسێکیش هەڵهاتووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێن؛ لەم دەرگیرییەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپا هاتنە نێو گوندی "تاژاندەرێ" و هەموو گوندەکەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و دەرگیری و کەشی ئەمنییەتیش هەتا بەیانی دریژەی هەبووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ ئەو شوێنە کە هێرشی کراوەتە سەر لە کۆتاییەکانی گوندی "تاژاندەرێ" هەڵکەوتووە، شوێنی ڕاگرتنی ئاژەڵ و چەند دیو بۆ پشوودانە کە لەلایەن خاوەنی ئەو شوێنە کە خۆی خەڵکی "تاژاندەرێ"یە و ناوی "لوقمان ڕەسووڵتاش"ە بە کرێ دەدرێ. لوقمان ڕەسووڵتاش دوابەدوای ئەم ڕووداوە بانگی ناوەندە پێوەندیدارەکان کراوە.

هەندێ لە سەرچاوەکان هۆکاری ئەم هێرشەی سپایان دەسبەسەرکرانی کاسبکاران و دەستداگرتن بەسەر کاڵاکانیان ڕاگەیاندووە. هەندێ سەرچاوەش هۆکارەکەیان "هەبوونی هێزەکانی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" ڕایگەیاندووە.