بەندیخانەی بۆکان؛ ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور و هێمن ئیبراهیم حەمزە بە دانانی بارمتە ئازاد کران

14:49 - 13 جۆزەردان 2724

ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور برای محەممەد حاجی ڕەسوڵپوور لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان و هێمن ئیبراهیم حەمزە خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" سەر بە شاری بۆکان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردن.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لە ئاکامی ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و چوونە کۆماوە لە نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکان گیانی لەدەست دا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور و هێمن ئیبراهیم حەمزە