کۆمەڵێک لە برینداران و دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛ دەنگی ئێمە بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردنەکان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە

11:40 - 5 پووشپەڕ 2724

١٤ کەس لە دەسبەسەرکراوان و بریندارانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بۆ مەحکوومکردنی چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماریی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاندووە؛ دەنگی ئێمە بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردنەکان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە. ئەوان هەڵبژاردنەکانی حکوومەتیان بە شانۆیەکی گاڵتەجاڕی ناو بردووە کە شتێک جیا لە دانپێدانان بە دەزگای سەرکوت نییە.

ئەم کۆمەڵە کەسە مەبەستی خۆیان لە بایکۆتی چالاکانە جیا لە بەشدارینەکردن، درێژەدان بە چالاکیی بەکۆمەڵ و یەکگرتووانە وەکوو ئەرکێک دژی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ڕووخاندنی ناو بردووە و جەختیان کردووەتەوە کە هەر چەشنە بەشداریکردن و هاوکارییەک نیشانەی دانپێدانان بە جینایەتەکان و بکوژانی منداڵەکانمانە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن گرووپێک لە برینداران و دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

دەنگی ئێمە بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردنەکان و ڕووخانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران دوابەدوای کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی، بکوژی هەزاران بەندکراوی سیاسی و هەروەها یەکێک لە سەرکوتکارانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ(٢٨ی ژوئەن) و یەک ساڵ پێشتر لە کاتی دیاریکراوی پێشوو بەڕێوە دەچێ.

ئەم هەقیقەتە ڕوونە کە لە درێژەی تەمەنی ئەم حکوومەتە سەرکوتکەرەدا، هەڵبژاردن هیچ مانایەکی نەبووە و نایبێت و ئەوەی کە ڕووی داوە سەپاندن (ئینتسابات)ی حکوومەتی  بۆ دەستاودەستکردنی هێز و دەرفەتی تاڵان لە نێوان خۆیاندایە. ئەوەی کە خەڵک لەم چەند دەیەدا ئەزموونیان کردووە، گەندەڵی، سەرکوت، هەڵاواردن، ستەم، هەژاری، چارەڕەشی، مەرگ و جینایەت بووە و شانۆی گاڵتەجاڕانەی هەڵبژاردنیان جگە لە داننان بەم دەزگای سەرکوتەدا نەبووە.

لەم ڕووەوە، ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە برینداران و دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هاوڕێ و هاوهەنگاو لەگەڵ زۆرینەی خەڵک و هاوشانی هەموو خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی، ئەم هەڵبژاردنە و لە ڕاستیدا سەپاندن(ئینتیسابات)ە بە شێوەی چالاکانە بایکۆت دەکەین. مەبەستمان لە بایکۆتی چالاکانە ئەوەیە کە نە تەنیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەم حکوومەتەدا بەشداری ناکەین، بەڵکوو چالاکانە دژی ئەم سیستمە جینایەتکارەش چالاکی دەکەین و خوازیاری ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێرانین و لەم ڕێگایەشدا لە هیچ هەوڵێک درێغ ناکەین.

زۆرینەی خەڵک لە ئێران ساڵانێکە "نا"یان بە هەر دوو لایەنی حکوومەت وتووە و بەتایبەت لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و بەتایبەتیتر لە ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" "نا"یەکی گەورەیان بە تەواویەتی ئەم ڕێژیمە وتووەتەوە. ئێمەش وەکوو کەسانێک کە لەم بزووتنەوەیەدا بریندار یان دەسبەسەر کراوین، لەگەڵ زۆرینەی خەڵک بەم سیستمە جینایەتکارە "نا" دەڵێین و بە شێوەی چالاکانە دژی ئەم ڕێژیمە خەباتی یەکگرتووانە و گشتی بە ئەرکی خۆمان دەزانین.

لە ڕوانگەی ئێمەوە هەر چەشنە بەشداری یان هاوکارییەک لەم هەڵبژاردنە/ئینتساباتە گاڵتەجاڕانە و ئەندازیاری کراوە، بە مانای دانپێدانان بە سەر جینایەت و هاوکاری لەگەڵ بکوژانی منداڵانمانە. ئێمە دژی ئەم سیستمە کە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئێتنیکی، فەرهەنگی، مەزهەبی_ئیدئۆلۆژیک، ئابووری، ڕەگەزی و ژینگەیی بە شێوەی ئامانجدار خەریکی بەرهەمهێنانەوەی هەڵاواردن و نایەکسانی بە شێوەی سیستماتیکە، یەکگرتووانە خەبات دەکەین و بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردن/ئینتیسابات بە کەمترین ئەرکی خۆمان دەزانین.

دەنگی ئێمە تەنها ڕووخانی کۆماری ئیسلامیە

ژن ژیان ئازادی

واژۆکاران: 

ڕادا فاتحی - هێرۆ قەدیمی - زانیار تۆندرۆ - ئەرستو پاسیار - فەرزاد مورادی نیا - عەدنان حوسێنی - عەلی مسری - یاحیا سەرخانی-واحد ڕوزنەوەرد - ئەیوب عەبدوڵڵاهی - ئاکۆ مەعروفی ئازەر -کیان درەخشان -کەیوان سەمەدی -مێهرداد سەبووری_ مەحموود عەبدی