برینداربوونی هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری شنۆ

19:07 - 21 جۆزەردان 2724

شەوی شەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەعفەر گەردی" کوڕی ئیبراهیم و خەڵکی "شیناوێ"ی پیرانشار، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری شنۆ بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی گەڕانەوە لە سنوور و لەکاتێکدا کە هیچ کۆڵێکی قاچاخی پێ نەبووە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم هاووڵاتییە کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی پیرانشار کراوە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

جەعفەر گەردی خیزاندارە و دوو منداڵی هەیە.