بۆکان؛ مێهدی مەجیدی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

19:02 - 4 جۆزەردان 2724

مێهدی مەجیدی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە بەندکران سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێی حوکمی دەرکراو، مێهدی مەجیدی بە تۆمەتەکانی "پشتیوانی لە ئیسرائیل" بە سێ ساڵ بەندکران، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و "بێڕێزی بە ڕێبەر" بە ٨ مانگ بەندکران سزا دراوە و ئەم سزایە لە ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە سەبارەت بە سزای دەرکراو لە دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دۆسییەکەی ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

مێهدی مەجیدی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم لاوە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا و لە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٢دا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.