سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران

11:56 - 29 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی "یووسف سەعیدی" تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "دۆبرە" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، "ڕامین لەوەندپوور" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "خەرەگوش" سەر بە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێ و "پەرویز قاسمی" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "زندەشت" سەر بە شاری سەڵماس لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان ڕەوانەی ژووی تاکەکەسی کرابوون.

ئەم سێ بەندکراوە، چوار ساڵ پیش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کران و دواتر لە دۆسییەی جیاوازدا لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا دران.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم سێ هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: یووسف سەعیدی، پەرویز قاسمی و ڕامین لەوەندپوور