سزای لەسێدارەدرانی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد جێبەجێ کرا

18:30 - 26 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، سزای لەسێدارەدرانی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی مەهاباد کە ١٤ ڕۆژ پێش ئێستا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ، هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدرانی ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، خەسرەو بەشارەت بە مەبەستی وەرگرتنی وەسیەتنامەکەی ئەنوەر خزری لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی قزڵحەسارەوە بانگ و دواتر ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.

ڕۆژی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بنەماڵەی خەسرەو بەشارەت توانیبوویان لە بەندیخانەی قزڵحەسار چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێ. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بنەماڵەی بەشارەت بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان چووبوونە بەردەم بەندیخانەی قزڵحەسار بەڵام ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێ نەدرابوو.

سزای لەسێدارەدرانی ٥ کەسی تر کە لەگەڵ ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە دۆسییەی هاوبەشیان بوو بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، فەرهاد سەلیمی، داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە ماوەی ٧ مانگدا جێبەجێ کراوە.

کوردپا لە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە وردەکارییەکانی دۆسییەی ئەم بەنکراوانە بڵاو کردەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە مەودای نێوان ناوەڕاستەکانی مانگی سەرماوەز هەتا سەرەتاکانی ڕێبەندانی ١٣٨٨ لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کران. ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە بۆ ماوەی چەند مانگ لەم گرتنگە ئەمنییەتییەدا بە مەبستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە دران.

بە کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کراون و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژووری تاکەکەسیی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا لێپرسینەوەیان لێ کرا. ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١، ئەم زیندانییانە، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزران.

کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤، کۆبوونەوەی دادگای ئەم ٧ زیندانییە بە تۆمەتەکانی وەک "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی‌الارض"، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقسیە، بەڕێوە چوو و لە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ حوکمی لەسێدارەدرانەکە دەر کرا و بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندرا.  پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە بەم حوکمە، دۆسییەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا و کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ ئەم حوکمە هەڵوەشایەوە.

پاش ڕەوانەکرانی ئەم دۆسییەیە بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا، ئەم ٧ زیندانییە جارێکی دیکە بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کران. پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە، دۆسییەکە ڕەوانەی لقی ٤١ دیوانی باڵای وڵات کرا و لە ڕێبەندانی ٩٨دا ئەم حوکمە جارێکی دیکە پشتڕاست کرایەوە.

ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە لە گەلاوێژی ١٤٠٢، پاش داخران و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕەوانەی زیندانی قزڵحسار کران.