شنۆ؛ هاووڵاتییەکی کورد پاش بانگکران بۆ ئیتلاعات دەسبەسەر کرا

06:44 - 23 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "لوقمان حاجی خۆش" تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ، پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگی ئیتلاعاتی شنۆ کراوە.

لوقمان حاجی خۆش خێزاندار و باوکی منداڵێکە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە چارەنووس، هۆکاری بانگکران و دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی  بانەمەڕی ١٤٠٣، یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.