لەسێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی میاندواو لە بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان

23:02 - 18 بانەمەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی "حوسێن بایزیدی"، تەمەن ٥١ ساڵ و خەڵکی میاندواو لە بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان جێبەجێ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە کوردە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی ڕاگەیاندووە: "حوسێن بایزیدی نزیک سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەسبەسەر کرا و بە لەسیدارەدران سزا درا. ناوبراو سێ منداڵی هەبووە." 

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و میدیاکانی نێوخۆی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.