کوردستان؛ کوژرانی ١٧ کۆڵبەر لە ماوەی ٧٠ ڕۆژدا

19:42 - 9 جۆزەردان 2724

لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە سەرجەم ٩٨ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێراندا کوژراون و بریندار کراون. لەم نێوانەدا ١٧ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ٦ کەس لەم کۆڵبەرانە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

١١ کەس لەم کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، ٢ کۆڵبەر بە هۆی سەرمابردوویی، ٣ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان و کۆڵبەرێک بە هۆی جەڵتەی دڵ بە هۆی گوشاری کۆڵبەری گیانی لەدەست داوە.

پێویستە بوترێ کە زۆرترین کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە بووە. لەم نێوانەدا ٤٤٪ی کۆڵبەران لە سنووری نەوسوود، ٢١٪ لە سنووری بانە، ١٥٪ لە سنووری هەورامان، ٨٪ لە سنووری مەریوان، ٦٪ لە سنووری سەردەشت و ٤٪ لە سنووری سەقز کوژراون و بریندار کراون.

بەپێی نمووداری ئاماری کوردپا، ئەم ڕێژە لە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ماوەی ٧٠ ڕۆژدا، بەرزترین ڕێژەی کوژرانی کۆڵبەران لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا بووە.

وردەکاری سەبارەت بە ١٧ کۆڵبەری کوژراو لە ماوەی ٧٠ ڕۆژی سەرەتای ساڵی ١٤٠٣دا؛

٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ پەیمان ئەحمەدی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، خێزاندار و منداڵی هەیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود کوژراوە.

٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ محەممەدبایر محەممەدی، تەمەن ٤٨ ساڵ، خەڵكی جوانڕۆ، خێزاندار و منداڵی هەیە، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە لەژێر گوشاری کاری کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا.

٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ سۆران عەبدی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی بانە، خێزاندار و منداڵی هەیە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە کوژراوە.

٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ هەستیار عەبدولکەریمی، تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، بە هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری سەقز گیانی لەدەست داوە.

٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ سەعید سەلووسی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، خێزاندار و منداڵی هەیە بە هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری پیرانشار گیانی لەدەست دا.

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ ئەبووبەکر ماخووزی فەرد، خەڵکی سەردەشت، خێزاندار و منداڵی هەیە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت گیانی لەدەست دا.

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛شۆڕش شوکری، خەڵکی مەریوان، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان لە بەرزاییەکانی ژاڵانەی هەورامان گیانی لەدەست دا.

٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ ئومید سەعیدی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی دێولان، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بەستامی سەقز گیانی لەدەست دا.

٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ مێهرداد عەبدوڵڵازادە، خەڵکی سەردەشت، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا.

٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ سەیوان دەست ئەفکەن خەڵكی مەریوان، خێزاندار و باوکی منداڵێک، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری تەتەی هەورامان گیانی لەدەست دا.

٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ شوانە ئەحمەدپوور، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی بانە، خێزاندار و منداڵی هەیە بە تەقەی هیزە نیزامییەکان لە سنووری بانە کوژرا.

٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ هێمن ئەحمەدی، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی سەقز، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بەستامی سەقز کوژرا.

١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ جەلال سۆهرابی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی بانە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، بە تەقەی هیزە نیزامییەکان لە سنووری بانە کوژرا.

١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ عەتا ڕۆستەمپوور، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی سەقز، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە گیانی لەدەست دا.

٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ سالار ئەحمەدی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی دۆشکا لە سنووری سەردەشت گیانی لەدەست دا.

٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ واحید قادرپوور، خەڵکی سەقز، خێزاندار و منداڵی هەیە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە کوژرا.

٨ی جۆزەردانی ١٤٠٣؛ سینا ڕەسووڵزادە، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری سەرتەزێن گیانی لەدەست دا.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا(١٣٩٠-١٤٠٢) سەرجەم ٢٤٦٣ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێراندا کوژراون و بریندار کراون. زیاتر لە ٧٤ لەسەدی ئەم کۆڵبەرانە بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون و ٦٤ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە