مەهاباد؛ خالید (فەریاد) مێهماندووست، زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجەی زۆر چارەنووسی ناڕوونە

19:35 - 9 جۆزەردان 2724

زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی خالید مێهماندووست، لاوی کوردی خەڵکی مەهاباد تێدەپەرێ و لەم ماوەیەدا ناوەندە ئەمنییەتییەکان وێڕای هەوڵدان بۆ شاردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی ناوبراو، ئەم لاوەیان لە گرتنگەدا خستووەتە ژێر توندترین ئازار و ئەشکەنجە فیزیکی و دەروونییەکانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگداری کوردپا؛ خالید مێهماندووست (ناسراو بە فەریاد)، کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە ڕاگوێزراوە.

ئەم لاوە کوردە بۆ ماوەی سێ مانگ لەم گرتنگەیەدا، لەژێر "سەختترین" و "توندترین" ئەشکەنجە فیزیکی و دەروونییەکاندا بووە، بە جۆرێک کە پاش قۆناغەکانی لێپرسینەوە پێویستی بە پزیشک دەبێ و لە پشکنینەکاندا دەردەکەوێ کە سیستەمی هەرسکردن و میزکردنی تووشی کێشەی جیددی بووە.

بەپێی پشکنینەکانی یەکێک لە پزیشکەکانی دەرمار؛ ئەم لاوە کوردە توانای مانەوە لە بەندیخانەی نییە و ئەگەری هەیە هەوڵی خۆکوژیش بدات.

خالید مێهماندووست ئێستا لە بەندی ٤ی بەندیخانەی مەهاباد کە تایبەت بە لاوانە ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە. دادوەری دۆسییەکەشی بۆچوونی پزیشکەکانی بە بەتاڵ زانیوە و ئیزنی مورەخەسی و پشکنینی پزیشکیی زیاتری بەم لاوە نەداوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی سێ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە ئیتلاعاتی سپای مەهاباد لە مافی هەر جۆرە پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییەیان خستووەتە ژێر  ئەشکەنجەی زۆرەوە تاکوو لە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە خۆ ببوێرن و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە زیاترین ڕێژەی ئەشکەنجە و گوشار لەسەر ئەم لاوە کوردە لە بێدەنگیدا ماوەتەوە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە