زیندانی ورمێ؛ لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی جەلیل مەولوودی پاش یەک ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی، بۆ بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی دایکی دژایەتی کرا

23:23 - 11 بانەمەڕ 2724

لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی "جەلیل مەولوودی"، زیندانیی سیاسیی خەڵکی بۆکان و بەندکراو لە زیندانی ورمێ، بۆ بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی دایکی دژایەتی کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای ئەوەیکە زیاتر لە یەک ساڵە جەلیل مەولوودی لە گرتنگە دایە و چارەنووسی هەروا نادیارە، بەرپرسانی زیندان لەگەڵ داواکاریی ناوبراو تەنانەت بۆ بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی دایکی دژایەتییان کرد.

٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، جەلیل مەولوودی و ڕزگار بابامیری، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی بۆکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کران.

هەر لەو پەیوەندییەدا جێگەی ئاماژەیە کە دە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "تەیفوور سەلیمی بابامیری"، "هێمن کورمانج"، "ئەحمەد مامزادە"، "ئەبووبەکر مامزادە"، "سۆران قاسمی، "پژمان سووڵتانی"، "کاوە ساڵحی"، "ڕزگار بابامیری"، "جەلیل مەولوودی" و "جەوانمەرد مام‌خەسرەوی"، چەندین مانگە لە گرتنگەدان و چارەنووسیان هەروا ناڕوونە.

ناوبراوان لە ماوەی لێپرسینەوەیان لە دەسپێراگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو بێبەری کراون و بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان دان.

تەیفوور سەلیمی بابامیری، ڕەشەمەی ١٤٠١، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە بانە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو. ناوبراو خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، ئەحمەد مامزادە، ئەبووبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سووڵتانی و کاوە ساڵحی، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لە ماڵی خۆیاندا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران.

هەروەها ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، جەوانمەرد مام‌خەسرەوی بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لە بانە لەلایەن هێزە ئەمنییتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێمن کورمانج، کوڕی عوسمان و خەڵکی گوندی "یاسی‌کەند" سەر بە بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.