شنۆ؛ ئازادیی کاتیی شەهرام شاهی بە دانانی بارمتە و بەردەوامیی ماوەی دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی دیکە

22:14 - 9 خاکەلێوه 2724

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی کوردپا گەیشتوون، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، شەهرام شاهی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ پاش ١١ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا، ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، شەهرام شاهی"، کوڕی شەفیع و خەڵکی گەڕەکی "میراوێ"ی شنۆ و هەروەها "فەخرەدین ئەحمەدی"، کوڕی عەزیز، خەڵکی گەڕەکی "تاچیناوێ"ی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سپاوە دەسبەسەر کران.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، "ڕەحیم سەلامەت"، کوڕی مستەفا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "قرووشاوێـ"ـی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، "ئەمیر ڕەحمانی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گەڕەکی "تاچیناوێـ"ـی شنۆ، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی، بەشێوەی توندوتیژییانە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شکاندنی دەرگای ماڵ وێڕای ئەشکەنجە و ئازار و بێڕیزیکردن ئەمیر ڕەحمانییان دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی ڕەوانەی دادگای شنۆ کراوە و پاشان بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە و بڕیارە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە گرتنگەدا بمێنێتەوە.

ئەمیر ڕەحمانی. ڕەحیم سەلامەت و فەخرەدین ئەحمەدی هێشتا لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدا دەسبەسەرن و لیپرسینەوەیان لێ ئەکرێ.