هێمن (کاروان) شاهی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی نێردرایە مورەخەسی

12:56 - 3 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خاکەلێوە، هێمن (کاروان) شاهی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شنۆ ٥ ڕۆژ مورەخەسیی پێی درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێمن شاهی کە لە بەندیخانەی ورمێدا بووە بە دانانی بارمتە، مورەخەسیی پێ دراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێمن شاهی لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ لە تۆمەتی "موحاربە"، بێتاوان ناسراوە و بڕیاری وستانی ئەم سزایەی بۆ دەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "ڕاگواستن و ڕاگرتنی دەمانچە"، بە دوو ساڵ بەندکران سزا دراوە و ئەم سزایە تاکوو ئێستا پشتڕاست یان ڕەت نەکراوەتەوە.

هێمن (کاروان) شاهی لەدایکبووی ٢ی جۆزەردانی ١٣٧٨ کوڕی یاسین، شەوی دووشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا.