ورمێ؛ زیبا سەیاد بەهۆی تەڵاق، لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە لە شەقام کوژرا

10:21 - 22 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، ژنێک بە ناوی "زیبا سەیاد"، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی "حەسار کانی سپی" سەر بە ورمێ، بە چەکی گەرمەوە لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، زیبا سەیاد ماوەیەکی کەم بووە کە تەڵاقی وەرگرتووە و بەهۆی جیابوونەوە، دوو ڕۆژی ڕابردوو لە شەقامی "عەمار"ی ورمێ، لەلایەن هاوسەری پیشوویەوە و بە تەقەی چەند گولـلە گیانی لەدەست دا.

ئەو سەرچاوەیە وتی: "زیبا سەیاد ماوەی چەند ساڵە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لەژێر توندوتیژیی بنەماڵەیی بووە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ بەرەنگاربوونەوە بە "ئازار و ئەشکەنجەی توند"ی هاوسەرەکەی، سەردانی کلینیکی دەروونناسیی کردووە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "سەیاد لە ئاکامی سەردانکردنی دەروونناس ڕازی بووە. هەروەها لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پشتیوانیی لێ کرابوو و توانیبووی لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە، بەڵام بەردەوام ترسی ئەوەی هەبووە کە لەلایەن هاوسەرە پیشووەکەیەوە بەڵایەکی بەسەدار بێت".

ناوبراو پێش لەوەیکە بکوژرێت لەگەڵ دەروونناسەکەی پێوەندیی گرتووە و باسی لە ڕاودوونانی لەلایەن مێردەکەیەوە کردبوو، بەڵام سەرەڕای ئاگالێبوون و چاوەدێریکردنی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، هاوسەرە پیشووەکەی توانیویەتی لە دەرفەتێکدا ناوبراو لە شەقام بکوژێت.

بە وتەی دەروونناسان، ئێستاکە ژنان و منداڵان بەهۆی ئەوەیکە توانایی بەرگریکردن لە خۆیان نییە، زیانبەرکەوتووترین توێژی کۆمەڵگەن.